لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە داواکاریی پژاک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی گفتوگۆوە، ناکۆکی و مشتومڕی نێوان لایەنگرانی پژاک و حیزبەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، وەک دامەزراوەیەکی پابەند بە پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، بە هەستکردن بە هەستیاریی ئەم دۆخە و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، ئامادەیی هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە، هۆشیارانە و دوور لە هەڵچوونی سۆزداری بە پێویست دەزانێت.
ئێمە باوەڕمان وایە کە خوێنی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی، دادپەروەری و مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد، بەبێ جیاوازیی ڕێباز، حیزب و ئایدیۆلۆژیی سیاسی، لای ئێمە پیرۆزە. هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و هیچ جیاوازییەکی فکری نابێت ببێتە هۆی سووکایەتیکردن بە خەبات و قوربانیدانی ئەوانەی گیانیان لە پێناوی ئازادی و سەربەستیی نەتەوەکەیاندا بەخت کردووە.
بەڵام پیرۆزڕاگرتنی خوێنی شەهیدان تەنیا بە دروشم و یادکردنەوە تەواو نابێت؛ بەڵکوو پێویستی بە هەڵوێستی بەرپرسیارانە، ڕەخنەی ئازاد، لێپرسینەوە، ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و دانانی بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوە لە سەرووی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و ڕێکخراوەییدا هەیە.
١. چوار دەیە و زیاتر خەبات؛ پێویستی بە هەڵسەنگاندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە
نزیکەی پەنجا ساڵە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ژێر سەرکوت و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، خەباتی سیاسی، مەدەنی و نەتەوەیی دەکات. لەم ماوەیەدا، حیزبە سیاسییەکان قوربانیی زۆریان داوە؛ ئەندام و پێشمەرگەیان شەهید بوون، سەرکردەکانیان تیرۆر کراون و بەشێکی زۆریان ناچار بە ژیان لە دەرەوەی وڵات بوون.
ئێمە ئەم قوربانییانە و ڕۆڵی مێژوویی خەباتی کوردی پەراوێز ناخەین. بەڵام ئەوەش ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت کە دوای ئەم هەموو ساڵە، گەلی کورد لە ئێران هێشتا لە زۆرێک لە مافە نەتەوەیی، سیاسی، کولتووری و زمانەوانییە بنەڕەتییەکانی بێبەشە و ڕۆژانە ڕووبەڕووی سەرکوت، زیندان، ئەشکەنجە و سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە.
ئەگەر حیزبەکان لە ماوەی ئەم چەند دەیەیەدا نەیانتوانیوە بەشێکی بەرچاو لە ئامانجە ڕەواکانی گەلی کورد مسۆگەر بکەن، ئەوا پێویستە بە ڕەخنەیەکی ئازاد و بەرپرسیارانە هۆکارەکانی ئەم دۆخە هەڵبسەنگێنن.
بەرپرسیاریەتیی سیاسی تەنیا بە مانەوە و درێژەدان بە خەبات کۆتایی نایەت؛ بەڵکوو پێویستی بە هەڵسەنگاندنەوەی ئەنجامەکان، داننان بە هەڵەکان و گۆڕینی ئەو ڕێبازانە هەیە کە لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەدا ناگونجێن.
٢. خەڵکی ڕۆژهەڵات مافی پرسیارکردن و وەرگرتنی وەڵامی ڕوونیان هەیە
یەکێک لە کێشە گرنگەکانی نێوان بەشێک لە حیزبە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەمیی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ، بەردەوام و شەفافە لەگەڵ خەڵکدا.
زۆرجار هاووڵاتییان پرسیار و نیگەرانیی جدییان لەسەر بڕیارە سیاسییەکان، ڕێککەوتنەکان، ستراتیژیی خەبات و چارەنووسی داهاتووی ڕۆژهەڵات هەیە، بەڵام وەڵامێکی ڕوون و ڕاستەوخۆ وەرناگرن.
لە هەمان کاتدا، کاتێک میدیافارسیزمانەکان بانگهێشتی نوێنەرانی ئەم حیزبانە دەکەن، زۆرجار بەشداری لەو بەرنامانەدا دەکەن و بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکانیان دەرفەتیان هەیە.
ئەمە بە خۆی کێشە نییە؛ بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: بۆچی نابێت هەمان ئاست لە بەردەوامی، ڕوونی و وەڵامدانەوە لە پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبێت؟
خەڵک تەنیا بۆ پشتیوانیکردن لە حیزبەکان بانگهێشت ناکرێن؛ ئەوان خاوەنی سەرەکیی ئەم خەباتەن و مافی خۆیانە بزانن بڕیارەکان چۆن دەدرێن، ئامانجەکان چین و ئەو بڕیارانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر ژیانیان دەبێت.
ئێمە بە ڕاشکاوی داوا لە هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ، بەردەوام و شەفاف لەگەڵ خەڵکدا دروست بکەن؛ پرسیارەکان بە سووکایەتی و تاوانبارکردنی پرسیارکەر وەڵام نەدەنەوە و ڕەخنەی دڵسۆزانە وەک هەڕەشەیەک بۆ مانەوەی خۆیان نەبینن.
٣. بەرپرسیاریەتیی حیزبەکان لە بەرامبەر لایەنگران و پشتیوانانیان
ناکۆکیی سیاسی و جیاوازیی ڕوانگە لە نێوان لایەنگرانی حیزبەکاندا شتێکی سروشتییە؛ بەڵام کاتێک ئەم ناکۆکییانە دەگۆڕدرێن بۆ سووکایەتی، تۆمەت، هەڕەشە، دژایەتیی کۆمەڵایەتی و تێکدانی پەیوەندیی نێوان کوردان، ئەوا مەترسییەکی جدی بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵگە دروست دەکەن.
بۆیە داوا لە سەرکردایەتیی هەموو حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەکەین:
بە ڕوونی و بێ دوودڵی ڕێگری لەو هەڵسوکەوتانەی لایەنگرانیان بکەن کە دەبنە هۆی سووکایەتی، تۆمەتبارکردن و دژایەتیی نێوان کورد.
ڕێگە نەدەن ناکۆکییە سیاسییەکان ببنە هۆی لێکترازانی ڕای گشتی و پەرتهوازەبوونی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات.
ڕای گشتی لە بڵاوبوونەوەی ناومێدی و بێباوەڕی بە خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد بپارێزن و نەهێڵن هەڵچوونی سۆزداری و پرۆپاگەندەی حیزبی شوێنی گفتوگۆی عەقڵانی بگرێتەوە.
هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە، بە تایبەتی گەنجان، فێری ڕێزگرتن لە جیاوازیی سیاسی و مافی ڕەخنەگرتن بکەن؛ چونکە کۆمەڵگەیەکی ئازاد بە یەکسانبوونی بیر و ڕا دروست نابێت، بەڵکوو بە توانای پێکەوەژیان لەگەڵ جیاوازییەکاندا پێش دەکەوێت.
لە لایەنگران و ئەندامانیان بخوازن پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک، ڕاستییەکەی بپشکنن و بەبێ بەڵگە تۆمەت ئاراستەی هیچ حیزب و کەسایەتییەک نەکەن.
سەرکردایەتیی حیزبەکان نابێت بەرپرسیاریەتیی خۆیان لە بەرامبەر هەڵسوکەوتی لایەنگرانیاندا پشتگوێ بخەن؛ چونکە کاتێک ئاگرێکی سیاسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرز دەبێتەوە، بێدەنگی و نەکردنی هەوڵ بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە، زیانەکان قوڵتر دەکاتەوە.
٤. ڕێزگرتن لە بنەماڵەی شەهیدان و مێژووی خەباتی کورد
بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، قوربانیانی ئەشکەنجە و خێزانەکانیان، بەشێکی پیرۆزن لە مێژووی خەباتی کورد.
ئەوان مافی خۆیانە لە حیزبەکان بپرسن کە ئەو قوربانییانە بۆ چ ئامانجێک دراون و ئەنجامی ئەو قوربانییانە گەیشتووەتە کوێ.
هیچ حیزبێک مافی ئەوەی نییە بە ناوی شەهیدانەوە ڕەخنە لە خۆی قەدەغە بکات؛ هەروەها هیچ کەسێکیش نابێت بە ناوی ڕەخنەوە قوربانییەکانی ئەم خەباتە سووک بکات.
ئێمە داوا دەکەین کە حیزبەکان بە کردار، نەک تەنیا بە دروشم، ڕێز لە بنەماڵەی شەهیدان بگرن و بە پێی ئاستی ئەو قوربانییانە، بەرپرسیاریەتیی سیاسی و ئەخلاقی هەڵبگرن.
ناوی کەسایەتییە مێژووییەکانی وەک کاک فۆئاد مستەفا سوڵتانی، شەهید دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، قازی محەممەد و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان، نابێت ببنە هۆی دروستکردنی دیوار لە نێوان کورددا؛ بەڵکوو دەبێت ببنە هەوێنی بیرکردنەوە لە بەرپرسیاریەتی، یەکگرتوویی، دادپەروەری و بەردەوامیی خەبات.
٥. فشارەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان
لە بارودۆخی ئێستادا، فشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی سنووردارکردن، گواستنەوە یان ڕادەستکردنی ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییە ئێرانییەکان، نیگەرانییەکی جدیی مافی مرۆڤ دروست دەکەن.
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، هەر بڕیارێک کە مەترسیی ڕادەستکردنی کەسانێک بە دەسەڵاتێک لێک بداتەوە کە ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە، سزای لەسێدارەدان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ یان سەرکوتی سیاسییان بکاتەوە، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد، پاراستنی مافە بنەڕەتییەکان و پابەندبوون بە بنەما نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ هەیە.
لەبەر ئەوە، داوا لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین:
بە بەرپرسیاریەتیی تەواوەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەن و پاراستنی ژیان و سەلامەتیی ئەندامان و پەنابەرانیان بخەنە سەرووی هەموو شتێکەوە.
بە شێوەیەکی یەکگرتوو و هاوئاهەنگ، لە ڕێگەی دیپلۆماسی، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە، بۆ پاراستنی مافی ئەو کەسانە هەوڵ بدەن.
لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا پەیوەندییەکی بەرپرسیارانە و ڕوونیان هەبێت، بە مەبەستی دڵنیابوون لە پاراستنی مافی پەنابەران و ڕێگری لە هەر کردارێک کە ژیانیان بخاتە مەترسییەوە.
لە هەمان کاتدا، هەر بڕیارێکی ستراتیژیی گرنگ بە ڕوونی بۆ خەڵک و ڕای گشتی ڕوون بکەنەوە و ڕێگە نەدەن دەنگۆ و پرۆپاگەندە جێگەی زانیاریی پشتڕاستکراوە بگرێتەوە.
ئێمە داوا لە حیزبەکان دەکەین لە ئاستی ئەم بەرپرسیاریەتییەدا بن و بە شێوەیەکی کردەیی شوێن ئازادی، مافی دیاریکردنی چارەنووس و بەرژەوەندیی درێژخایەنی گەلی کورد بکەون.
٦. بانگەوازی گفتوگۆ، شەفافیەت و یەکگرتوویی نەتەوەیی
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان پێداگری دەکات کە هیچ ڕێبازێکی سیاسی نابێت لە ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی گشتی بێبەش بێت. هەروەها هیچ جیاوازییەکی سیاسی نابێت ببێتە پاساو بۆ ڕق و کینە، تۆمەتبارکردن یان لێکترازاندنی کۆمەڵگەی کورد.
ئەگەر پژاک، حیزبی دیموکرات، کۆمەڵە و هەر حیزبێکی دیکە بڕیارێکی سیاسی بدات، مافی خۆیەتی هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە؛ هەروەها خەڵکیش مافی خۆیانە پرسیاری لێ بکەن و بەبێ ترس ڕەخنەی لێ بگرن. ئەوەی گرنگە، ئەوەیە ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی مەدەنی، بەڵگەدار و بەرپرسیارانە بەڕێوە ببرێن.
بۆیە داوا لە سەرکردایەتیی هەموو حیزبەکان دەکەین کە بە هەڵوێستێکی ڕوون و بەرپرسیارانە ڕێگە لە توندبوونەوەی ناکۆکییەکان بگرن؛ هاوئاهەنگی لەسەر بابەتە نەتەوەییە هاوبەشەکان دروست بکەن و لە هەموو بڕیارێکدا پاراستنی ژیان، کەرامەت و مافەکانی گەلی کورد بخەنە پێشەوە.
کۆتایی: مێژوو دەنووسرێتەوە، بەڵام ڕاستی ناشاردرێتەوە
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنێت کە هەموو ئەو ڕۆژە پڕ لە شانازییانەی خەباتی کورد، هەروەها ڕۆژە پڕ لە شەڕ، ناکۆکی، ئاژاوە و هەڵە سیاسییەکانی حیزبەکانی کوردستان، لە یاد و ئەرشیفی مێژوویی ئێمەدا جێگەیان هەیە.
ئێمە نە بەبێ ڕەخنە شانازییەکان دەگێڕینەوە و نە هەڵەکانیش دەشارینەوە؛ نە قوربانییەکان بە ناوی حیزبێکەوە تایبەت دەکەین و نە ڕاستییەکانیش بە پێی بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک دەگۆڕین.
هیچ حیزب و ڕێکخراوێک نابێت چاوەڕوان بێت کە بە ناوی بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە خەڵک لە پرسیارکردن و ڕەخنەگرتن بێبەش بکرێن. ئێمە ڕێگە نادەین خۆڵ بکرێتە چاوی نەتەوەکەمانەوە؛ نە لەلایەن دەسەڵاتە داگیرکەرەکانەوە و نە لەلایەن هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسییەوە.
چونکە ئەرکی سەرەکیی ئێمە پاراستنی ماف، ئازادی و کەرامەتی تاک بە تاکی گەلی کوردە؛ نە پاراستنی هیچ حیزبێک، هیچ سەرکردەیەک و هیچ ئایدیۆلۆژییەکی سیاسی.
گەلی کورد لە سەرووی حیزبەکانەوەیە، خوێنی شەهیدان لە سەرووی ناکۆکییەکانەوەیە، و ڕاستی و دادپەروەری لە سەرووی هەر بەرژەوەندییەکی سیاسییەوەیە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان (KMMK)
ماف، کەرامەت، ئازادی و دادپەروەری بۆ هەمووان.

