بەپێی هەواڵێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی هەڵیان کوتاوەتە سەر پەناخوازانی مانگرتو لەبەربارەگای نەتەوەیەکگرتوەکان لەسلێمانی و لەدوای بێ ڕێزیکی زۆر ولێدانی ڵە مان گرتوان بە ناوەکانی خالید نەقشی ،محیەدین ئازادی ، کەیومەرس ڕەشیدی، ڕاپێچی ئاسایش دەکرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە زۆربەی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی زیاتر لە ٥ ساڵ تا ۱٥ساڵ دەبێت پەنایان بۆ باشوری کوردستان هێناوە بەڵام هێشتا وەک پەناخواز دەناسرێن و هیچ یاساێکیش پشتگیری لە مافی ئەو پەنابەرانەناکات و ڕێگەی دەرچونیان بۆوڵاتانی سێهەمیشیان لێگیراوە.
شایانی باسە بەپشت بەستن بە جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ بەنسبەت پەنابەرانەوە کە هەر کەسێک بە هۆی جیاوازی ڕەنگ و نەتەوە و بیروبڕوای دیاری کراوەوە، لە وڵاتی خۆیدادە کەوێتە بەر پەلاماری حکومەتەکەی، مافی هەیە رو بکاتە وڵاتێکی دیکە و مافی پەنابەری هەیە و وڵاتی خانە خوێش ئەرکە لەسەری مافە دیاری کراوەکانی کونوانسیونی مافی پەنابەران و پەناخوازان بویان دابین بکات.
ئێمەش وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە پشت بەستن بە کۆنوانسیونی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر مافی پەنابەران، داواکارین لەحکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسیارتی لەمەڕ پەنابەران نیشان بدات و بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوەیەک گرتوەکان لە باشوری کوردستان، ژیانێکی شەرافەتمەندانەو شایستە بۆ پەنابەران دابین بکەن ومافەکانی دیاری کراو بۆ پەنابەران بەپێی ئەستانداردە جیهانیەکان بۆیان دابین بەکریت، کەداخوازی پەنابەرانی مانگرتویش هەر ئەوە بوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان