تەقە لە کوڵبەران

لەدرێژەی سەرەڕۆییەکانی رژێمی ئێران دژ بە گەلی کورد و خاکی کوردستان، جارێکی تر سوپای پاسدارانی ئێران خاکی ھەرێمی کوردستان دەبەزێنێت و ژمارەیەک وڵاخی کۆڵبەران و بازرگانان دەکوژێت، قایمقامی پێنجوێنیش دەڵێت: سەروی خۆمان لەو پێشلێکارییانەی ئێران ئاگادار کردۆتەوە.

زانا رەحمان، قایمقامی شارۆچکەی پێنجوێن، بە رۆژنیوزی راگەیاند:” لەماوەی دوو رۆژی رابردودا ھێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، بەبێ گوێدانە رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەسنوری گوندی (سیاگوێز) ی سەر بەشارەدێی گەرمک، بەدرێژایی زیاتر لە ١٠٠ مەتر خاکی ھەرێمی کوردستان دەبەزێنن و دەستدرێژی دەکەنە سەر وڵاخی چەند کۆڵبەر و بازرگانێک “.

قایمقامی شارۆچکەی پێنجوێن رونیشکردەوە: لەو سنور بەزاندنەدا ھێزەکانی سوپای پاسداران سێ ھێستری کۆڵبەرانیان لەناو خاکی باشوور کوشتووە.

زانا رەحمان ئاماژەی بەوەشدا کە دوای ئەو ڕوداوە پاسەوانی سنورمان ئاگادار کردۆتەوە، بۆئەوەی ئەوانیش لەڕێگەی خۆیانەوە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق لەو پێشێلکارییەی ئێران ئاگادار بکەنەوە.

پێشێلکردنی خاکی ھەرێمی کوردستان لە سنوری شارۆچکەی پێنجوێن لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنیوز، ماوەی چەند رۆژێکە ئێران لەناوچەکە دەستی بەدروستکردنی بنکە و بارەگای سەربازیی کردووە، ئەمەش مەترسی و دڵەڕاوکێی لای ھاوڵاتیان و گوندنشینان دروستکردووە.

لەولاشەوە ڕۆژانە سوپای تورکیا سنوری باشووری کوردستان دەبەزێنێت و بەبەهانی هێرشی سەر گەریلاکانی پەکەکە سەروەری خاکی کوردستان ژێرپێدەکات و گوندەکانی قەندیل و بادینان بۆردومان دەکات، مایەی سەرنجە کە هەتا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە.

کۆمەلەی مافی مرۆفی کوردستان