لە ناوچەى سوورى ئامەد پێنج خوێندنگە لەلایەن حکومەتى تورکیاوە چۆڵکران و کراون بە بنکەى سەربازی. ئەوەش بووەتە هۆى بێبەشبوونى سێ هەزار و ٦٤٠ خوێندکار لە خوێندن.

تۆری هەواڵی NRT هەواڵێکی لەم بارەوە بڵاو کردۆتەوە کە بە تەواوی لە لایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ ١١ى نیسانى ٢٠١٦ ئاژانسى هەواڵى دیجلە بڵاویکردەوە، هێزەکانى دەوڵەتى تورکیا لە ناوچەى سوورى ئامەد خوێندنگەی قۆناغى سەرەتایى لە دەروازەى مێردین، خوێندنگەى ناوەندى لە دەروازەى مێردین، خوێندنگەى ناوەندى لە یاوز سەلیم، خوێندنگەى سەرەتایى جمهوریەت و خوێندنگەى سەرەتایى سولەیمان نەزیفیان بە مامۆستایان و خوێندکاران چۆڵکردووە و کردویانن بە بنکەى سەربازی و ئەمنی.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو پێنج خوێندنگەیە گواستراونەتەوە بۆ بینایەک لە گەڕەکى یەنى شەهیر و ئەوەش بووەتە هۆى ئەوە بەشێک لە خێزانانەى کە لە ناوچەى سوور گواستویانەتەوە بۆ شوێنەکانى دیکەى شارى ئامەد نەتوانن منداڵەکانیان بنێرن بۆ ئەو بینا تازەیە بۆ درێژەدان بە خوێندن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بە گشتى چوار هەزار و ٥٢٠ خوێندکار لەو خوێندنگەیاندا دەیانخوێند و ئێستاش تەنها ٨٨٠ خوێندکار دەچنە ئەو بینایە کە لە یەنى شەهیر بۆ شوێنى خوێندنیان تەرخانکراوە. بەوەش تا ئێستا سێ هەزار و ٦٤٠ خوێندکار لە خوێندن بێبەش بوون.

ناوچەى سوورى ئامەد لە ١٥ گەڕەک پێکدێت. مێژوویترین و کۆنتەرین ناوچەى شارى ئامەدە. چەندین شوێنەوارى مێژوویى جۆراجۆرى سەردەمە جیاوازەکانى تێدایە.

حکومەت و سوپاى تورکیا لە ڕۆژى ٢ى کانوویى یەکەمى ٢٠١٥ەوە ناوچەى سوورى ئامەدیان بە ناوچەى قەدەغەکراو ڕاگەیاند و ئەو ناوچەیان گەمارۆدا. بەو هۆیەشەوە چەندین پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و گەنجانى ئەو ناوچەیەدا و یەکینەکانى پاراستنى سڤیڵ (یەپەسە) ڕوویاندا، کە ئەو گەمارۆدان و پێکدادانانە نزیکەى ١٢٠ ڕۆژ بەرەدەوامییان هەبوو.