سوپای تورکیا دواى ڕووخاندنى خانووەکان، بنکەیەکى سەربازیی لەشوێنیان درووست دەکات

بەپێی هەوالی گەیشتوو بە کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، سوپاى تورکیا شەوى ڕابردوو چووەتە گوندى هەلهەلەیى ناوچەى هەزرۆى ئامەد و ١٢ خێزانى لە خانووەکانیان دەکردووە و لە دواى ڕووخاندنى خانووەکانیان، لە شوێنى ئەو خانوانەدا بنکەیەکى سەربازیی دروستکردووە.
ئاژانسى هەواڵى دیجلە (دیها) ئێوارەى ئەمڕۆ ٢٥ى حوزەیرانى ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، هێزەکانى سوپاى تورکیا لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنەکەیاندا لە ناوچەى لیجە و کارازێى ئامەد داویانە بەسەر گوندى هەلهەلێدا و ١٢ خێزانیان لە خانووەکانیان دەرکردووە و لە دواى ئەوەى بە چەک هەڕەشیان لە خاوەن خانووەکان کردووە، هەر ١٢ خانووەکەیان بە دوو حەفارە و شۆفڵێک ڕووخاندووە و لە شوێنى خانووى ئەو هاووڵاتیاندا بنکەی سەربازییان دروستکردووە.
ناوەندی هەوالی NRT لە گوزارشێک لەم بارەوە زیاتر باسی روداوەکە دەکات و دەنووسێ، ئەو هاووڵاتیانەى لە ماڵەکانیان دەرکراون و خانووەکانیان لەلایەن سوپاى تورکیاوە ڕووخێنراوە چوونە ماڵى خزم و کەسوکارەکانیان لە گوندەکەیاندا. هاوکات سوپاى تورکیا قەدەغەى هاتوچۆى لە گوندى هەلهەلێى ڕاگەیاندووە و ڕێگای هاتووچۆکردنی لە هاووڵاتیان گرتووە.
بیرسەن ئوگرولایان یەکێک لە دانیشتوانى گوندى هەلهەلێى هەزرۆ بە دیهاى ڕاگەیاندووە “سوپاى تورکیا دەستى بەسەر خانوەکانماندا گرت و بە زۆر خانووەکانمانیان تێکدا و بنکەى سەربازییان لە شوێنى خانووەکانماندا دروستکرد”.
تا ئێستا میدیاى فەرمیى حکومەتى تورکیا هیچ هەواڵ و زانیارییەکى لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
لە دواى ٢٤ى تەمووزى ٢٠١٥ەوە کە پرۆسەى ئاشتى لە باکوورى کوردستان تێکچوو، سوپاى تورکیا لە چەندین ناوچەى باکوورى کوردستان قەدەغەى هاتووچۆى ڕاگەیاند و ئەوەش بووە هۆى ڕوودانى چەندین پێکدادان لە نێوان شەڕڤانانى یەپەسە و هێزە ئەمنییەکانى تورکیا و گەریلاکانى پەکەکە و سوپاى تورکیادا.

کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان