بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان ، لە ماوەى ١١ مانگى ڕابردوودا لە تورکیا ١٦٣ سکاڵا لە دژى ڕۆژنامەى ئوزگور گیوندەم و بەڕێوەبەرانى ئەو ڕۆژنامەیە تۆمار کراوە و تا ئێستا داواى نزیکەى هەشت ساڵ زیندان و سزاى ١٧٦ ملیۆن دینار بۆ بەڕێوەبەرى گشتى و بەڕێوەبەرى نووسینى ڕۆژنامەکە کراوە.
ئاژانسى هەواڵى دیجلە (دیها) ڕۆژی ٢٤ى حوزەیرانى ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، لە دواى ئەوەى لە ٢٠ى تەمووزى ٢٠١٥ەوە لە کوردستان بڕیارى دەستپێکردنەوەى شەڕ درا، ١٢٤ سکاڵا لە دژى ڕۆژنامەى ئوزگور گیوندەم، بەڕێوەبەرەکان و بەرپرسانى نووسینى ئەو ڕۆژنامەیە و ٣٩ سکاڵاش لە دژى ٤٦ بەڕێوەبەرى خەفەرى ڕۆژنامەکەش تۆمار کراون، کە کۆى سکاڵاکان دەکاتە ١٦٣ سکاڵا.
لە گوزارشێک کە ناوەندی هەواڵی NRT بڵاوی کردۆتەوە, ئاماژە بەوەشکراوە، دوایین سکاڵاکانیش لە دژى مامۆستاى زانکۆ و پڕۆفیسۆر شەبنەم کۆرور فینجانچى سەرۆکى پێشووى ڕێکخراوى وەقفى مافى مرۆڤى تورکیا (TÎHV) و ئەڕۆل ئۆندەر ئۆغڵو نوێنەرى پەیامنێرانى بێسنوور لە تورکیا و نووسەر ئەحمەد نەسینى کوڕى عەزیز نەسین تۆمارکراون و دەستگیر و زیندانیش کراون، کە بۆ پشتیوانى لە ڕۆژنامەى ئوزگور گیوندەم بوو بوون بە بەڕێوەبەرى خەفەرى ڕۆژنامەکە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە دواى مانگى تەموزى ٢٠١٥ەوە تا ئێستا ٩٥ سکاڵا لە دژى ڕەیحان چاپان بەڕێوەبەرى نووسینى و هاوبەڕێوەبەرەکانى ڕۆژنامەى ئوزگور گیوندەم تۆمار کراون، کە ٢٧ سکاڵایان لە لقی ١٣ دادگاى سزا قورسەکان، ٣٧ سکاڵاش لە لقى ١٤ى سزا قورسەکانى ئیستانبوول و لە لقى دووى دادگاى تاوانەکان ٣١ سکاڵاى تر تۆمار کراون.
سزاى زیندان و دارایى
هەروەها دوو سکاڵا لە دژى ئەرین کەسکین بەڕێوەبەرى گشتیى ڕۆژنامەى ئوزگور گیوندەم تۆمار کراوە و سزاى سێ ساڵ و نۆ مانگ و ٢٢ ڕۆژ زیندانیى بۆ بڕاوەتەوە و داواى ١٠٠ هەزار لیرەى تورکی (٤٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار) سزاى دارایىشی کراوە.
هاوکات بۆ ڕەیحان چاپان بەڕێوەبەرى نووسینى ڕۆژنامەى ئوزگور گیوندەم سزاى زیندانیى سێ ساڵ و نۆ مانگ ٢٢ ڕۆژ بڕاوەتەوە و داوای ٣٠٥ هەزار لیرەى تورکی (١٢٣ ملیۆن و ٦٧٥ هەزار دینار) سزاى دارایشى بۆ کراوە و سکاڵاکان و ئەو سزایانەى لە دژیان بڕاوەتەوە ڕەوانەى دادگاى باڵا کراون.
بەپێى ڕاپۆرتەکەى ئاژانسى دیها لە ماوەى سێ مانگی ڕابردوودا ٢٩ سکاڵا لە دژى ئینان کزلکایا یەکێکى تر لە بەرێوەبەرانى نووسین و ٢٩ سکاڵاى تریش لەى دژى حوسێن ئایکۆلی بەڕێوەبەرێکى تری گشتیى ڕۆژنامەى ئوزگور گیوندەم تۆمار کراوە.
کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان