هێرشی فرۆکەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی مەدیا و باشووری کوردستان

دوابەدوایی قووڵ بوونەوەی هێرشەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر گەلی کوردستان لە هەرێمەکانی باکوور، ئەو وڵاتە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی مەدیا و باشووری کوردستان زیاتر کردۆتەوە.

بە هۆیی بۆمباران و هێرشە ئاسمانیەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر باشووری کوردستان و هەرێمی مەدیا، زۆربەی گوندەکانی سەرسنوور چۆڵ کراون و خەڵک زیانێکی زۆری ماڵی بەر کەوتووە. لە چەند حەوتوی ڕابردوو، هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا، بە دەیان جار هێرشی ئاسمانیان کردۆتە سەر باشووری کوردستان و گوندەکانی ئەو بەشەی کوردستان بۆمباران دەکات و زەرەر و زیانی زۆری لەو گوندانە داوە و خەڵک ناچار بە کۆچ کردن بوون.

لە نوێترین هێرشەکان دا، تورکیا کاتژمێر ۱۰ی دوێنێ شەو هێرشی کردۆتە سەر قەندیل و زەر و زیانی زۆری لە گوندنشینانی ئەو ناوچەیە داوە، گوندەکانی زەلگەلە و قەڵاتوکان دوو گوندن کە دوێنێ شەو هێرشیان کراوەتە سەر و زەوی و زار و ماڵاتی خەڵک بەتەواوی لەناو چووە.

جێی ئاماژەیە دوای سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران روحانی بۆ تورکیا، هێرشەکانی تورکیا چڕتر بوونەتەوە و ئێستا فرۆکەشەرکەرەکانی تورکیا دەچنە ئاسمانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەو پارچەشەوە هێرشی قەندیل دەکەن، کە نیشان دەدات، دەوڵەتی ئێران و تورک بەیەکەوە سازاون بۆ قۆڵتر کردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر گەلی کوردستان.

ئەوە لە کتێک دایە کە باشووری کوردستان، تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی لەمەر ئەو هێرشانە نەگرتووە، کە رێک خەڵک و گوندنشینانی کردۆتە ئامانج.

هاوکات زەخت و زۆری دەوڵەت و حکومەتی تورکیا بۆ سەر باکووری وڵات، واتا ناوچە باکووریەکانی کوردستان زیادی کردوە و رۆژانە خەڵکی سڤیل دەکرێنە قوربانی و ماڵ و حاڵی خەڵک وێران دەکەن.

هێرشەکانی دەوڵەت و حکومەتی تورکیا، رێک کۆمەڵکووژی و تاوان دژی مرۆڤایەتیە و دەبێ نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکێتی ئەوروپا، ناوەندە ماف مرۆڤیەکان و وڵاتان گووشار بخەنە سەر ئەو وڵاتە کە دەست لە کۆمەڵکووژی کوردستانیان هەڵگرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان