مامۆستایێکی کورد لە شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتیکوردستان بە هۆی دەستکورتی و هەژاریەوە دەستی‏دایە خۆکوشتن.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە هەواڵێک دا باسی خۆکوشتنی ئەو مامۆستا کوردە دەکات و دەنووسێت ؛ لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، لە بەخشی سیلوانا، جێگری قوتابخانەی سەرەتایی لە گوندی “گردووان” هەوڵی خۆکوژی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو مامۆستا کوردە، یەحیا ئەحمەدنژاد کوری کازم ڕاگەیەنراوە.

سەبارەت بە پاڵنەری خۆکوشتنی ئەو مامۆستایە؛ کوڕە گەورەکەی ئەحمەدی‏نێژاد کە لە زانکۆی پەیام نووری شاری شنۆ دەخوێنێ، ماوەی چەند ساڵ پێش ئێستا تووشی شێرپەنجەی ئێسک بووە و باوکی بە هۆی نەبوونی تێچووی چارەسەر کردنی نەخۆشینی کورەکەی وەزاڵە هاتبوو.
هەر لەو ڕاپۆڕتەدا هاتووە کە؛ بۆ سێهەمین جار کوڕە ٢٢ ساڵەکەی یەحیا بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ دەکرێت، بەڵام بە هۆی نەخستنی بڕە پارەی داواکراو بە حەسابی سندووق و ڕەت کردنەوەی بیمەی فەرهەنگیان، دوکتورەکان لە چارەسەر کردنی کوڕەکەی خۆیان بواردووە و ناوبراو گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی.

هەواڵەکان باس دەکەن کە یەحیا ئەحمەدی‏نژاد کە خەڵکی گوندی “دوولاپسان” بووە، مامۆستایەکی ناسراوی ناوچەی مەرگەوەر بووە و لە ٢٥ ساڵ لەو پێشەوە لە پەروەردە و بارهێنان و قوتابخانەکانی ناوچەی ورمێ بە تایبەتی گوندە دواکەوتووەکانی ئەو ناوچەیە، خەریکی وانە وتنەوە بووە.

ئەو لە درێژەدا ئەوەی خستە ڕوو، ئەو مامۆستایە ئێوارەی ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوە لە ناو ماشێنەکەی خۆیدا بە چەکی تاپڕ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەوە لە کاتێک دایە، دوایی هاتنە سەر کاری دەوڵەتی روحانی، ناوبراو بڕیاری دابوو کە لە بواری خزمەت و یارمەتی کارماندان هەوڵی جدی بەکار بێنێت، بەڵام نەتەنیا نەیانتوانیووە کێشەکانی مامۆستایان لە بواری گوزەران و بەڕێوەچوونی ژیانیان چارەسەر بکەن، بەڵکوو لە زۆر بوارەوە کێشەکانیان دووقات بووەتەوە.

لە ساڵی ڕابردوودا، نزیک بە شەش هەزار مامۆستا بەتایبەت ١٠٠ مامۆستا و زیاتر لە ١٥٠ کەس لە چالاکانی سێنفی مامۆستایاني كوردستان، بە واژۆ کردنی تۆمارێک بۆ عەلی لاریجانی، بەرپرسی مەجلیس، لە هەڵسووکەوتی سیاسی لەگەڵ کێشەکانی ژیان و گوزەران، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

مامۆستایان بە پێی کار و ئیشیان کە پەروەردەی مناڵان و نەوەی داهاتوویە، دەبێ بە باشترین شێوە ژیانیان تەمین بکرێت و لە بواری ژیان و گوزەران هەموو شتێکیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا، لە هەرە کەم موچە و زوڵم لێکراوانن کە توانیی ئیدارەی هەزینەکانی ژیانیان بۆ تەمین ناکرێ و کوماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا هەوڵی جدی نەداوە یارمەتی دەریان بێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان