بە چڕ بوونەوە و هێرشە یەک لە دوایی یەکەکانی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر کوردستان، زۆربەی گوندەکانی کوردستان چۆل بوون و خەڵک بە ناچاری شوێنەواری خۆیان بەجێ دێڵن.

بۆمباران و هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان و ناوچەکانی قەندیل و کوێستانەکانی دهۆک، وایی لە خەڵکی گوندەکانی ئەو ناوچانە کردوە کە شوێنەواری خۆیان جێ بێڵن و گوندەکان چۆل کەن. لە دوایین ئامارەکان دا، زیاتر لە ۳۰۰ گوند لە ناوچەکانی سەر بە دهۆک لە باشووری کوردستان بە هۆیی بۆمبارانەکانەوە، ناچار بە چۆل کردن کراون و خەڵک ئەو گوندانەیان جێ هێشتوە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە حکومەتی تورکیا زیاتر لە سێ مانگە، هێرشی نوێی دژی گەلی کوردستان دەست پێ کردۆتەوە و بە رۆژانە شار و گوندەکانی باکووری کوردستان بۆمباران دەکات. شارەکانی جەزیرە، سووری ئامەم، شرناخ، سلۆپی و نسیبین ئەو شارانەن کە زۆرترین هێرشیان کراوەتە سەر و تووشی کۆمەڵکووژی گەورە بوونەتەوە.

بە پێی دوایین زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، زیاتر لە ۷۰۰ کەسی سڤیل بوونەتە قوربانی کە زیاتر لە ۷۰ کەسیان مناڵ و ژێر تەمەنی ۱٨ ساڵانن.

جیا لەو هێرشەی کە دەوڵەتی تورکیا دژی گەلی کورد لە باکووری کوردستان بەرێوەی دەبات، هێرشی ئاسمانی و بۆمبارانی ناوچەکانی باشوور و رۆژئاوایی کوردستان دەکات، چۆل کرانی گوندەکانی دهۆک دەگەرێتەوە بۆ ئەو بابەتە.

بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان، وڵاتان مافیان نیە سەروەری وڵاتانی تر ببتزێنن، بۆمبارانی باشووری کوردستان، بەزاندنی سەروەری و حاکمیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێراقە و دەوڵەتی تورکیا بە هیچ شێوەیەک مافی بەزاندنی ئەو سەروەریەی نیە.

تا ئێستا حکومەتی باشووری کوردستان لە هەمبەر ئەو پێشێڵکاریە بێدەنگی هەڵبژاردوە و هیچ نارەزایەتی دەرنەبڕیوە، حکومەتی ئێراقیش لە هەمبەر ئەو پێشێڵکاریانە بێ دەنگە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان