شایەد نامەی ئارام رەستاد گیراوی سیاسی

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە لەبەر چاوگرتن ئەوەی کە زۆرێک لە هاوڵاتیانی رۆژهەلاتی کوردستان لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەر و بەند کراون زۆربەی بەند کراوەکان ئەشکەنجە وئازار دراون، لە هەوڵ دایە بە کۆکردنەوەی شایەد نامەی ئەو کەسانە دەنگی هەڵبرێت بۆ کۆمەڵگای جیهانی سەبارەت بە ئاگاداری دان بەکۆمەڵگای نێو دەولەتی لەمەڕ بە ئەشکەنجە وئازارلە گرتووخانەکانی ئێران وبەم جۆرە سەنەدیەتێک چێ بکات.
بۆیە داوادەکات بەندکراوە سیاسیە پێشووەکان یان ئەوانەی کە خۆیان شایەد حاڵی ئەشکەنجە بوون لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە پەیوەندی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بکات بۆ سەبت کردنی شایەد نامەکانیان.
________________________________________________________________________________

ئارام رەستاد چالاکی ژینگە وسیاسی کوردی رۆژهەڵاتی کە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە گیراو ماوەی۵مانگ ئەشکەنجە وئازار درا.لەم شایەد نامە دا لە ئەشکەنجە وئازای جۆراوجۆر وەک: ئەشکەنجەی جەستەیی،رۆحی،دەس درێژی،سووتان بە ئاوەکوڵ بەسەر خۆی وئەوکەسانەی کە خۆی شایەدی بووە لە ژوورەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەدوێت.
______________________________________________________________________________________________

ناو:ئارام رەستاد
چالاکی:ژینگە و سیاسی
لەدایکبووی:۱۳٦۷/۹/۲مەریوان
______________________________________________________________________________________________
وتوو وێژی خوارەوە لە بەڕواری۲٠۱٦/۱/۲۱لە لەیان کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ ئارام رەستاد کراوە ولە بەڕواری۲٠۱٦/٤/7لەلایەن ناو براو پشت راست کراوەتەوە.
______________________________________________________________________________________________

ئەم شایەد نامە وێنای بەسەرهاتی چالاکی ژینگە وسیاسی کورد ئارام رەستادە لە گرتووخانەکانی ئێراندا.فایلی دەنگ،گرتەی ویدیئویی،وێنەکان وئاسەواری ئەشکەنجەکانی ناو براو لە ئارشیڤی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان پارێزراوە.
______________________________________________________________________________________________

ناساندن وچالاکی

خەڵکی شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستانم. ماوەی ۸ساڵ لەگەڵ پەیمانکاری ئیدارەی کارەبای مەریوان دەوامم دەکرد.بە لەبەر چاو گرتنی چالاکی ژینگە پارێزی ئەنجومەنی سەوزی چیا (رێخراوێک مەدەنی کە چالاکی ژینگە لە مەریوان ودەورووبەری دەکات) بووم بەئەندامی ئەم رێخراوە.

لە ساڵی۱۳۸٦ بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان کە بە ئەنقەست لەلایەن دوڵەتەوە گڕ دەدران بەشدار بووم.لە کاتی هەوڵ دان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان زۆربەی کات رووبەرووی ڕێگری هیزە ئەمنیەکانی سپای پاسداران دەبوینەوە ودواتر تۆمەتی لایان گری کۆمەڵەو پژاک دەخرایە پاڵمان وهێرشیان دەکردە سەرمان و دەسبەسەر دەکراین بۆ نمونە چەندین جار بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی گوندی بالک(سەربە شاری مەریوان) بەهاوڕێیی ئەندامانی سەوزی چیا رۆیشتین بەڵام لە لەیەن هێزەکانی سپای پاسداران رێمان لێ گیرا. پێیان دەوتین کە ئیمە خۆمان دارستانەکەمان ئاگرداوە بۆ ئەوەی ئەندامانی پژاک خۆیان لە نێودارستانەکە حەشار نەدەن(بۆ هۆی چڕبوونی دارستانەکان هێزەکان پێیان وابوو ئەندامانی پژاک خۆیان لەوێ حەشاردەدەن)و پێش دەهات کە چەندین جار ئەندامانی سەوزی چیا دەسبەسەر دەکران چون ئەوئاگرەی وابە ئەنقەست  هێزە ئەمنیەکان بەریان دەدایە دارستانەکە دەیان کوژاندەوە.

ئاشنابوون بە فکرەیەتی حزبە سیاسیەکان

بەهۆی ئەندام بوون لە ئەنجومەنی سەوزی چیاو پەرەسەندنی رۆحیەتی ژینگە پارێزی وڵاتەکەم و بەسەرنج دان بە گرنگی نووسراوەکانی بەڕیز ئۆجالان و باری ژینگە پارێزی وان وهەروەها تێ هەڵکێشانی سەبارەت بە ژن و گرنگی دان بە خەباتی هەمەلایەنەی ژن دەستم دایە خوێندنەوەی کتێبەکانی بەڕیز ئۆجالان، لە چیاکاندا توانیم هەڤاڵانی پژاک ببینم کە ئەم دیدارانە رۆحیەتی بەرخۆدانی لە من دا بەهێزتر کرد.
بۆ نموونە لە شارۆچکەی کانی دینار سەر بە مەریوان کچیک لەلایەن باوکی کوژرابوو(قەتڵی نامووسی)من بە هاوڕێیی چەندین چالاکی سیاسی مەدەنی زۆرێ لە چین و توێژەکانی شاری مەریوان لەگەڵ تەرمەکە ڕێ پێوانێکمان ئەنجام دا.

دەسبەسەر بوون ۱۳۹٠/٦/۱۵

بەدەسبەسەر بوونی “شەریف باجوەر و براەکەی رەحیم باجوەر”و چەن ئەندامێکی ئەنجومەنی سەوزی چیاکە ناو زۆربەیانم لە بیر نەماوە،دوای دووحەوتە منیش لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیلاعات دەسبەسەر کرام.

لەدوای دەسبەسەرکردنی ناوبراوان هێزە ئەمنیەکان چەندین جار بۆ دەسبەسەر کردنم چووبوون بۆ شوێنی دەوامەکەم (ئیدارەی کارەبای شاری مەریوان)بەڵام من بەهۆی ئاگاداریم لە ئەگەری دەسبەسەرکردنم ۱۵ رۆژبوو کە نەچووبووم بۆ شوێنی دەوامەکەم.
رۆژی۱۳۹٠/٦/۱۵کەمن لە دووکانی کوڕە مامێکم لە مەیدانی دوانزەسوارەی مەریوان دانیشتبووم سێ کەس هاتنە ناو دووکانەکەو پرسیاریان کرد کە ئایا من ئارام رەستادم؟
ودواتر پرسیاریان کرد کەمن چەند جار رۆیشتووم بۆ قەندیل یان بۆ ناوەندەکانی کۆمەڵە؟
لەدوای پرسیارەکان من دەسبەسەرکرام و بردمیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان. دوای دووکاژێر مانەوەم لەئیدارەی ئیتلاعات پرسیاریان لێ کردم کە ئایامن خانووی زکوورتی (مجردی)هەیە؟کاتێ لە پرسیارەکان نەگەیشنە ئامانج منیان برد بۆ ماڵی باوکم.
هەردوو رێگەی سەرەکی کۆڵانەکە کە ماڵ باوکمی لێ بوو گیراو و لە کاتی گەڕان بە شوێن بەڵگەیەک کەمن بەهۆی ئەوە تۆمەتباربکەن بە شێوەیەکی نامرۆڤانە تەنانەت ناو پۆشاکە ژنانەکەش گەڕان.

لێ پرسینەوە و ئەشکەنجە

کاژێر۱۲نیوەشەو لێ پرسێنەرەکان هاتنە ژوورەتاکەکەسیەکەم لە ئیدارەی ئیتلاعات و پێ یان گوتم کە ئێستا کە هەموو خەڵک نووستوون ئێمە بە خەبەرین کە یارمەتی تۆ بدەین بگەڕێیتەوە بۆ ئامێزی بنەماڵەکەت. بۆیە زوو دان بنێ بەو تاوانانەی کە ئەنجامت داوە با ئازادت بکەین.من کە هیچ کردەوەیەکم ئەنجام نەدابوو کە پێی بوترێت تاوان گوتم من تەنها ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیام و هیچ تاوانێکم نەکردووە.
ئەو شەوە رابوورد و بەیانیەکەی من بۆ دادگا برام هەر لە ژوورەکەم تا گەیشتمە لای دادوەر چاوەکانم بەسترابوە. لە لای دادوەر بەڵگەیەکیان بەمن دا کە هیچ نەم دەزانی چییە و نەم خوێندبووەوە وبە زۆر پێیان واژوو کردم و دواتر گەڕاندمیانەوە بۆ ژوورەکەم لە ئیدارەی ئیتلاعات.
شەوی دووهەم٤کەس هاتنە ژوورەکەم و پێیان گوتم کەتۆ ئەندامانی کۆمەڵەو پژاکت لە مەرز تێ پەڕاندوە بۆیە تۆ دژی شۆڕشی ئێرانی و دەبێ دان پێ نان بکەیت،و بە سۆندەو زلە ئەوەندەیان لێ دام کە لە سەر خۆم چووم. نازانم چ ماوەیەک لەسەر خۆ نەبووم بەڵام کە هاتمەوە سەرخۆم لە ژوورەکەم وێڵیان کردبووم.
چەند شەو تێ پەڕی دواتر بردمیان بۆ ژووری لێ پرسینەوە هەروەک پێشوو دەستان کرد بە ئەشکەنجەم.

هەندێک کەس تر لە جیرانی ژوورەکەی من دەسبەسەر کرابوون (کاوە فەرەجی،کاوە مورادی، شەریف باجوەر،رەحیم باجوەر، ناسر دڵاویز) کە بە تاوانی سیاسی گیرابوون ئەوان شایەد حاڵی ئازار و ئەشکەنجەکان هەن.کە چەندە ئەشکەنجە درام و منیش دەزانم ئەوان چۆن ئەشکەنجەو ئازاریان چەشتووە بۆ نموونە:دەسبەسەر کراوە سیاسیەکان کاوەمورادی وکاوە فەرەجی زۆر ئەشکەنجەو ئازار دران.تەنانەت زۆ رترلەمن. دەست و ئێسکی سینگی کاوە فەرەجیان شکاند، کاوە مورادیش زۆر ئەشکەنجە بوو،هەندێ کات نیوەشەو دەبران بۆ ژووری لێ پرسینەوە و ئەشکەنجەیان دەکردن.
یان ماوەیەک دەیان بردن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ لێ پرسینەوە، کاتی دەیان هێنانەوە بۆ مەریوان بە کاوە فەرەجی یان گوتبوو کە دایکت مردووە و تۆ دەبەینەوە بۆ بەشدار بوون لە پرسەی دایکت.کاتی نیوەرۆ ناوبراویان بردبوو بۆ گوندەکەیان و لە نێو ئاوایی سووڕاندبوویانەوە بۆ ئەوەی بەر لە بەشداری لە پرسەو سەروخۆشی مەرگی دایکی دان بنێت بەو تاوانەی خۆیان دەیانەویست.(لەکاتی گەڕانەوەیان لە سنە بۆمن باسی ئەشکەنجەو ئازارەکانیان کرد)
بەڵام سەبارەت بە کاوە مورادی جارێک لە کاتی پرسینەوە هەموو جلەکانیان لە بەر داکەندبوو و بە سۆندەو مشت و لەقە چەندین کاژێر ئەشکەنجەیان دابوو.

دووگیراوی دیکە لە ئیدارەی ئیتلاعات”ناسردڵاویز وعوسمان دڵاویز” بوون کەمن ماوەیەک لەگەڵ ئەم دووگیراوە لە یەک ژوور بووین. لە ئەشکەنجەکانیان ئاگادارkmmk.infoشکنجه آرام رستادjpgم.ئەم دووکەسە خۆیان هیج تاوانێکیان نەبوو،تەنها هۆی گیرانیان بەشداری دووبرایان لە حزبی پژاک بوو.
ئەم دوونەفەرە ماوەی۵مانگ لە ژوورەتاکەکەسیە کانی ئیتلاعات دەسبەسەر بوون.
هەموو حەوتوویەک سێ جار من ئەشکەنجە دەدرام و دەبرام بۆ ژووری ئەشکەنجە یان هەر ئەو ژووری لێ پرسینەوە،حەوتووی یەکەم بە ۲جار ئەشکەنجە تێپەڕ بوو.
حەوتووی دووهەم کەسێک بۆ لێ پرسینەوەم هات بۆلام کە زمانێکی نەرم و بێ هەڕەشەی بوو. دەیگوت من بۆ یارمەتیت هاتووم من بەزەییم دێت پێتدا،ئەی بۆ دان بە تاوانەکانت نانێیت و خۆت رزگار ناکەیت.ئێمەدەزانین کە ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا و ئەندامی پژاکی ، بزانە هەموو ئەندامانی سەوزی چیا درۆ دەکەن و گشتیان ئەندامی پژاکن.بەم شێوە دەیان ویست من بە پێی سناریۆی ئەوان دان بە تاوان بنێم. لە دوای ئەمە هەر حەوتوو سێ جار ئەشکەنجە دەدرام،کاتێ نەگەیشتنە ئامەنجەکانیان چایی کوڵاویان بەسەرو دەستما کرد و منیان پێ سووتاند،هێشتا ئاسەواری سووتانەکان بە دەستمەوە ماوە،تایەک مانگ دواتر لە ئازار و ئێشی سووتانەکان کە ئیلتیها بیان کردبوو هیچم بۆ نەدەخورا.هاوژوورێکم بۆ ئاو خواردنەوە دڵۆپ دڵۆپ ئاوی پێ دەدام و نانی بۆ ورد دەکردم بۆوەی بتوانم بی جووم و قووتی بدەم.ماوەی یەک مانگ تەنها لە یەک ژوور رایان گرتم،دواتر لەگەڵ کاوەمورادی بووم بە هاوژوور و ۱۵رۆژ جارێک کەسێ تریان دەکردە هاوژوورم.

ئەشکەنجەی رۆحی

لەژوورە تاکەکەسیەکەم بڵند گۆیەکیان جێگر کردبوو دەنگێکی زۆر ئازار هێنەری لێ دەهات بە چەشنێ کەئاواتم بە ئەشکەنجە پێشووەکان دەخواست.
هەندێ جاریش میکرۆفۆنیکیان دەچەسپاند بە دەرکەی ژوورەکەمەوە بۆئەوەی کاتێ من لەگەڵ ژوورە جێرانەکانم دا قسان دەکەم شتێک بدرکێنم.
زۆربەی جار ناو نیتکەیان پێ دەگوتم و بە جنێوی شەرەف و نانمووس ئازاریان دەدام.
وەک جنێو بە دایک وخوشکم.یان دواتر کە بۆ دیداری بنەماڵەکەم بردمیان دوای۲مانگ باری جەستەم بە شێوەیەک بوو کە دایکم کە بینیمی دەنگی کرد بە هاوار و خۆ ڕنین.
دڵنیام ئەمەش بۆ ئەشکەنجەی رۆحی من بوو بۆئەوەی ئەم شتە لە بەر چاوم ون نە بێت و بۆ رزگار کردن خۆم لەم دۆخە دان بنێم بە هەموو ئەوتاوانانەی خرابووە پاڵم.
لەکاتی ئەم دیدارە سێ خولەکیە کامێرایەک دانرابوو بۆمان.

تووش بوونی دایکم بە نەخۆشی شێرپەنجە

دایکم بە بینینی ئەم دۆخەی من ئەوەندەی خەفەت کەوتە دڵ و ئازاری چەشت کە تووشی شێرپەنجەی کرد وئەمە بوو بەهۆی نەخۆشینەکەی.
دایکم ۲مانگی ڕەبەق هەر لەبەیانی تا دەرەنگانی ئێوارە لەبەر ئیدارەی ئیتلاعات ڕادەوستا بۆ ئەوەی یان ئازادم بکەن یان بم بینێت بەردەوام بوونی ئەم دۆخەو ئێش وئازارە فراوانە بو بەهۆی سەرهەڵدانی نەخۆشینی دایکم.

هەوڵ بۆ دەس درێژی جنسی

۲۵رۆژ گیرانم تێ پەر ببوو کە چەن کەس هاتنە ژوورەکەم و هەموو جلە کانیان لەبەر دەرهێنام.
بەقسەگەلێ وەک ئەوەی تۆ گەنج و جوانیت و دەبێت تۆ کارابیت(مفعول) هەرکامێان لە باوەشیان دەگرتم بۆ ئەوەی ئازارم بدەن و بگەن بە ئامانجەکانیان.
دواتر قورساییەکیان بە ئەندامه نێرینەمەوە (هێلگەکون)بەست و بە پلایس(انبر دەست) ئازار لەشیان دەدام.ئەشکەنجە بە پلایس بۆ کاک عوسمان دڵاویزیش ئەنجام درا.

تەواو بوونی ئەشکەنجە و گوێزانەوە بۆ گرتووخانەی مەرکەزی مەریوان

بە تۆمەتی ئەندامەتی پژاک ئەشکەنجە و تۆمەت دەستی پێ کرد و کاتێ باسی پژاک تەواو بوو، تاوانی هاوکاری کۆمەڵە و دیموکرات خرا پاڵم ودواتریش تاوانی سیخوڕی بۆ رێخراوی ئەمنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ درووست کردم.۵مانگ ئەشکەنجەو ئازار درام کە تالە ژینم لە بیر ناچنەوە بۆ تاوانگەلێک کەهەرگیز ئەنجامم نەدابوو،تەنها تاوانم ئەندام بوون لە ئەنجومەنی سەوزی چیا بوو.
لەم ۵مانگەدا زۆر کەسیان دەسبەسەرکرد. ناو هەندێکیان لە بیرم ماوە کە دەڵیم” شەریف و رەحیم باجوەر،علی باقرویداللە ویسی، کاوەمورادی،کاوە فەرەجی،عوسمان و ناسر دڵاویز، خالد ئەیوازە،ئارام فەرەجی، محمد ساڵحی” جیگەی ئاماژەیە بە گوێرەی کەسەکان ئەشکەنجە جەستەیی و رۆحیەکان جیاواز بوون. هەندێک کەس بوون کە ئازاری رۆحی دەدران(وەک ئەوەی پێیان دوگوتن یەک ساڵ لە ژوورە تاکەکەسیە کاندا دەتان هێڵینەوە یان دەتان نێرین بۆ گرتووخانە گەورەکانی ئێران بۆ ئەوەی دەسدرێژه بکەنەسەرتان)
لەدوای۵مانگ شەوێک کاژێر ۱٠ بە چاو بەسراوی گوێزامیانەوە بۆ گەتووخانەی مەرکەزی شاری مەریوان

گرتووخانەی مەریوان و نادادوەری

بە ڕای من گرتووخانە جیاوازیەکی ئەوتۆی لە ئیدارەی ئیتلاعات نەبوو،۱۵رۆژ لە بەشی گەنجان بووم ۱۵ رۆژ لە بەشی گشتی گرتووخانەکە.
لە بەشی گەنجان هەندێک هەڵ سووکەوت بە هاوکاری ئەفسەرە پەیوەندی دارەکان دەکرا کە دوور بوون لە کردەوەی مرۆڤی
بۆ نموونە:تازە گیراوێکیان دەهاوردە بەشی گەنجان و ئەفسەرەکەبە گیراوە سیخوڕەکانی خۆیانی دەیگوت ئەم گیراوە تازەیە زۆر جەسوورە بەشێوەی خۆتان(لێدان) ئەدەبی بکەن.
بەندکراوێک بەناو”محمدساعدی”خەڵکی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان یان لە ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەشی گەنجان گوێزایەوە.
ئەم گەنجە پەشێو حاڵ بوو تاوانای هەڵسەنگاندنی ئاسایی ترن شتەکانی نەبوو. لە لایەن گیراوەکانەوە زۆر ئازار دەدرا،بە دڵنیایەوە بە هاوکاری ئەفسەرەکان ئەم چەشنە کردەوانە دەکرا چون هیچ هەڵوێستێک کە بۆ بەرگری کردن لە ناو براو بکرێت لەلایەن کاربەدەستانی گرتووخانە بەدی نەدەکرا.
تەنانەت ئەگەر کەسێک سکاڵای دەبردە لای ئەفسەربۆ ئەوەی ئازار دەدرا یان لێیان دەدا،ئەفسەرەکە دەهاتە نێو بەشەکەو دەیگوت کێشە نیە بەردەوام بن با جەسووری کەم بێتەوە و ئەدەب بێت.

دەس درێژی لە گرتووخانە

من بەچاوی خۆم دەس درێژیم نە بینی بەڵام لە بەشی گەنجان و گشتی بیستم کە بەند کراوێک  بەناو”رەحمان ئێرانی”کە بە تاوانی رفاندنی مرۆڤ و خوێڕی گەری گیرابوو ساڵانێک بوو لە گرتووخانە بوو دەس درێژی کردبوە سەر زۆر کەس.

دانیشتنی دادگایی

دوای یەک مانگ مانەوەم لە گرتووخانە برام بۆ دادگا  بۆ دانیشتنی دادگایی. لەم دانیشتنە دادوەر “خزرلوو”دادوەری دەکرد.
بارمتەی۱٠ملیۆن تمەنیم بۆ دەس نیشان کرا و من بە دانانی بارمتەکە لە بەڕواری۱۳۹٠/۱۲/۱۵ ئازاد کرام.
لە بەڕواری۱۳۹٠/۲/۱۵نامەیەکم بۆ هات کە بچم بۆ دادگا،رۆیشتم بۆ دادگای مەریوان، لەوێ سزای ۵ساڵ زیندانی مەرجیم(تعلیقی)بۆ دیاری کرا لە گەڵ بێ بەش بوونی هەتاهەتایی لە خزنەتگوزاری کۆمەڵگایی.بە بێ هیچ بەڵگە و سەنەدەێک ئەم سزایەم بەسەردا سەپا.

هاتنەدەروە لە ئێران

من بێ بەش کرابوەم لە هەموو خزمەتگوزایە کۆمەڵگاییەک و بۆیە بۆ بژێوی ژیانم تووشی کێشەیەکی قورس ببووم،تەنانەت سەرەڕای ۸ساڵ دەوامم لە ئیدارەی کارەبا چیتر رێگەی گەڕانەوەم بۆ دەوامەکەم نەبوو.
بۆ هاتووچۆ بۆ گوندەکانی دەوروو بەر لە ژێر چاودێری بووم و تەلەفونیان بۆ دەکردم بۆ کوێ یان بۆچی رۆیشتووی؟
بۆنموونە:لە ئاهەنگی زەماوەندێک بەشداربووم بۆ “سەرکەوتی کۆبانی”شاباژی میوانەکانم کرد. بەیانیەکەی بانگ هێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان کرام و هەڕەشەم لێ کرا وبەر جنێو درام. کاتێ دەهاتمەدەروە لە ئیدارەی ئیتلاعات دووبارە هەڕەشەیان لێ کردم ئەگەر تەنها جارێک تر کردەوەیەک ئاوالێت بەدی بکەین دەسبەسەرت دەکەین و لە سێدارەت دەدەین.
ئەمە ژیانی من بووم بەردەوام ترسی هەڕەشە و گیران سێبەری خستبوە سەر ژیانم بۆیە بۆ رزگار کردنی خۆم لە بەڕواری۱۳۹٤/۷/۱۵لە ئێران هاتمە دەرەوە.

كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان
07/04/2016