خوێندکارێکی کورد سزای گیرانی بەسەردا سەپا
وەفا ئازەربار خوێندکاری کوردی خەڵکی مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، بڕیاری زیندانی چوارمانگەی بۆ دەرکرا.
بە پێی گوزارشی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ئەمرۆ ۲ی ئاپریلی ۲۰۱٦ ، حوکمی تەئیدکراوی دادگای پێداچوونەوە بۆ ئەو خوێندکارە کوردە دەرکراوە و لە حوکمەکە دا هاتوە کە چوار مانگ سزای بەسەر دا سەپاوە و دەبێ بە زووترین کات خۆیی بە گرتوخانە بناسێنێت.
وەفا ئازەربار خوێندکاری بەشێ کشت و کاڵ(کشاوەرزی) لە زانکۆیی ورمێ، پێنجی فۆریەی ۲۰۱٥ لە لایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەهاباد، دەسبەسەر و دوایی دو مانگ لێپرسینەوە و گیران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی تا دەرکردنی بریاری دادگا، ئازاد کرا بوو، ناوبراو دو مانگی لێپرسینەوە لە زیندانی تاکەکەسی دابووە.
پێشێلکاری مافی شارومەندان و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ، بابەتگەلێکن کە رۆژانە و بەرێژەی زێەدەلەبەر لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئێسلامی ئێران ئەنجام دەدرێن.
لە ئەگەری کاری نایاسایی خوێندکاران،بە پێی یاسا دەرکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە(علوم) ناوەندی بەرپرس حراسەت و کۆمیتەی ئینزباتی زانکۆکانە، خوێندکارێک کاری نایاسایی کردبێت و ئەو کارە ئیسبات بکرێت، حەراسەت و کۆمیتەی ئینزباتی زانکۆ، خوێندکاری بەرهەڵستکار دەخاتە بەر لێپرسینەوە، بەڵام ناوەندە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو یاسایانە پێشێل دەکەن و بە شێوازێکی نایاسایی خوێندکاران دەسبەسەر و لە ناوەندی ئەمنیەتی لێپرسینەوەیان لێ دەکەن .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە لەبەر چاورگرتنی بەندی ۲ی جارنامەی گەردونی مافی مرۆڤ کە هەر چەشنە هەڵاواردن بە تایبەت لە بواری نژاد، رەنگ، رەگەز، زمان، ئایین و باوەری سیاسی وەک پێشێڵکاری ئاشکرای مافی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ دەزانێت و ئەو کردەوەیە مەحکوم دەکات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
20160402