حەیدەر قوربانی زیندانی سیاسی مەحکووم بە ئیعدام مافی چاوپێکەوتنی لێ زەوت کراوە

KMMK:

حەیدەر قوربانی زیندانی سیاسی مەحکووم بە سێدارە کە لە گرتووخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە، مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی لێ سەندراوە.
جێگەی ئاماژەیە، سزای سێدارەی ناوبراو لە دیوانی باڵای ئێران لە شاری قوم پەسەند کراوەو بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئێران لە کامێران بەڕێ کراوەتەوە.
حەیدەر قوربانی لە دادگای ئینقلابی ئێران لەشاری سنە بە تۆمەتی “بەغی” سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوەو لە رێبەندانی۲۷۱۹ی کوردی پێی راگەیەندراوە.
جێگەی وەبیر هێنانەوەیە لە ۹ گەڵاڕێزانی ۲۷۱٤ کوردی و لە گوندی “تەختە زەنگی” سەربە دەڤەری کامێران لە تێکهەڵچوونی چەند کەسێکی نەناسراو لە گەڵ گرووپێکی سپای پاسداران، چەند ئەندامێکی سپا گوژراون و هەر لەم پەیوەندییەدا و لە رۆژی ۲۵ ی گەڵاڕێزان حەیدەر قوربانی و دووکەسی دیکە بە ناوەکانی “حسین رۆحانی و حسن قوربانی” بە تۆمەتی تێوەگلان لەم کوشتنەدا دەستبەسەر کران.
دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سناریۆیەکی دانپێنانی زۆرەملی دا، دانپنانی حەیدەر قوربانی بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ناوبراو لەو بەرنامەیە دا بە روونی باس لە بێبەری بوون لەو تێکهەڵچوونە دەکات کە رووداوی کوشتنی لێ کەوتۆتەوە.
حەیدەر قوربانی کوڕی عەلی خەڵکی گوندی “بزوەش”ی سەر بە کامێران، لە کۆتایی دا لە رێکەوتی ۱۴ی ۲۷۱٨ کوردی بە تۆمەتگەلی “بریندار کردن و لێدان بە چەک، هاوکاری لە کوشتنی ئەنقەست، هەوڵدان بۆ هەڵهاتن لە سزادان و دادگایی کردن، هاودەنگی لە کوشتنی ئەنقەست، هەوڵدان بۆ کوشتن و ئەنجامی رووداوی کوشتن و مرۆڤ رفاندن و کڕینی کەلووپەلی دزراو” لە لقی یەکی دادگای تاوانەکانی ئێران لەشاری سنە دادگایی کراو و سزای سێدارەی بە سەردا سەپا.
ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاری لە کوشتن و هاوکاری حزبێکی کوردی دژبەری سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران ( بە لەبەرچاو گرتنی بەشی دووهەمی بەندی ۱۳۴ یاسای سزادانی ئیسلامی) ۳۰ ساڵ سزا دراوە.
هەر وەها ناوبراو لە لقی یەکی دادگای تاوانەکان بە تۆمەتی کڕینی دوو ترۆمبیلی جۆری ۴۰۵ بە ۲۰۰ قامچی و بە تۆمەتی چەسپاندنی دوو ژمارەی دزراو لە ترۆمبیلەکان بە پانزە مانگ زیندانی، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ مرۆڤ رفاندن بە ۶ ساڵ زیندانی و بە تۆمەتی سێ تاوانی هەوڵدان بۆ دەرچوون لە ژێر پڕۆسەی دادگایی کردن و هەڵهاتن لە یاسای دادگای تاوانباران بۆ هەرکامیان بە ۴ ساڵ زیندان (بە سەرچاوەگرتنی بەشی دووهەمی یاسای ۱۳۴ی سزای ئیسلامی) ی بە سەردا سەپا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان