لەماوەی ٢ هەفتەدا، هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستبەسەر کراون

لەماوەی ٢ هەفتەدا، هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستبەسەر کراون.

دەوڵەتی تورکیا بەمەبەستی بەرتەسککردنەوەی چالاکی سیاسیی لە باکووری کوردستان و تورکیە، ئۆپەراسیۆنی سیاسیی بەرفراوانتر کردووە و لەماوەی ٢ هەفتەی ڕابردوودا کە ئاهەنگەکانی نەورۆز بەبەشداری سەدان هەزار کەس لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیە بەڕێوەچوون، هەزار چالاکوانی سیاسیی کە لەناویاندا پارێزەر، ڕۆژنامەوان، ئەکادەمیسیەن هەن دەستبەسەر کراون، بریاری زیندانیی کردن بۆ ٣٠٠ کەسیان دەرکراوە.

ئۆپەراسیۆنەکەی دەوڵەت گەیشتە ئاستی دەستبەسەرکردنی هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دێمۆکراتییەکان-دەبەپە کامەران یوکسەک.

لە باکووری کوردستان، بەهۆی ڕێکخستنی ئاهەنگ و مەڕاسیمەکانی نەورۆز، لە فارقین و بسمیلی ئامەد ٢٤ کەس، لە مێردین ١٤ کەس، لە دیلۆک ٧ کەس، لە سەمسوور ٩ کەس، لە سێرت ٣٦ کەس، لە ئورفا ١٤ کەس و لە سنووری ڕۆژاڤاش ١٠ کەس دەستبەسەر کراون.

لە هەرێمی سەرحەد زیاتر لە ١٠٠ کەس دەستبەسەر کراون.
لە مووش ڕۆژنامەوانی ئاژانسی دیجلە موراد ئایدن و ١٠ کەسی دیکە، لە دێرسیمیش ٢٠ کەس دەستبەسەرکراون.
لە ئاگری ٣٣ کەس دەستبەسەرکراون کە لەناویاندا ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری هەدەپە هەن. هەروەها لە بەدلیس سەرۆکی لقی شارەکەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ و ٨ کەسی دیکە دەستبەسەرکراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە ئامەد هەڵی کوتایەسەر ماڵی ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزی ئامەد و دەستبەسەری کردن، لەناو دەستبەسەرکراواندا، هەریەکە لە حافیزە ئیپەک هاوسەرۆکی لقی ئامەدی دەبەپە و سەیدی فرات ئەندامی دیوانی سەرۆکایەتی کەجەدە هەن.

لە تورکیا، دەوڵەت ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانتری دەستپێکرد، لە هەرێمی ئیجە کە شارەکانی ئیزمیر، مووگلا، ئایدن، ئافیۆن و مانیسا لەخۆدەگرێت ١٠٠ کەس دەستبەسەرکراون.

لە هەرێمی مەڕمەڕە کە ئیستانبوڵ، بوورسا، کۆجائەلی، ساکاریا و یالۆڤا لە خۆدەگرێت ٢٥٠ کەس دەستبەسەرکراون. تەنها لە شاری ئیستانبوڵ ١٦٨ کەس دەستبەسەرکراون کە ١٢یان منداڵ بوون. هەروەها لە ساکاریا هاوسەرۆکی هەدەپە لە شارەکە دەستبەسەرکراوە.

هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی سیاسیی دەوڵەتی تورک، لە ١٦ ناوچە، هەڵکوتراوەتە سەر کۆمەڵەی مافناسانی ئازادیخواز و سیاسەتمەداران. لە ئەنجامدا ٤٩ کەس دەستبەسەر کراون کە ١٢یان پارێزەربوون.

لەلایەکی دیکەوە هەڵمەتی دەستبەسەرکردنی ئەو ئەکادیمسیەنانەی ڕایانگەیاندبوو نابنە هاوبەشی تاوانەکانی دەوڵەت، بەردەوامە و لەماوەی ٢ هەفتەی ڕابردوو ٤ ئەکادیمیسیەن دەستبەسەرکراون.

لە هەرێمی چوکورئۆڤا کە شارەکانی ئەدەنە، مێرسین، گورگوم، ئەنتالیا و ئوسمانییە دەگرێتەوە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورک ٢٣٤ کەس دەستبەسەر کراون.

لە ئەنادۆڵی ناوەڕاستیش کە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، کۆنیا، ئەسکیشەهر و کرشەهر دەگرێتەوە ٥٩ کەس دەستبەسەرکراون.