بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ژیان و چارەنووسی گیراوی سیاسی کورد، “ڕامین حوسێن پەناهی” لە مەترسیدایە.
“ڕامین حوسێن پەناهی”کە ڕۆژی هەینی ۱۳۹٦/۰٤/۰۲ی هەتاوی لەگەڵ برایەکی و ۲ هاوڕێی تری کەوتبوونە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە برینداری دەستبەسەر کرابوو و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری سنە گواسترابۆوە، لەبەر ڕێگە پێنەدان بە باشتر بوونی تەندرووستی و ڕاگواستنی بۆ ژووری لێکۆڵینەوەکانی سپای پاسداران و گوشاری لێکۆلەرەکان لەسەری لەکاتی لێپرسینەوەدا، لە هۆش خۆی دەچێ و دەچێتە حاڵەتی کۆماوە.
بەوتەی ئەمجەد حوسێن پەناهی، ڕامین بە ۳فیشەک بە پشتی و لاقییەوە بریندارکراوە و دوای ڕاگواستنی لە نەخۆشخانەوە بۆ ژوورەکانی سپای پاسداران، بەهۆی زەخت و شکەنجە و هەروەها خۆینبەربوونی زۆرەوە چووەتە کۆماوە و چەند ڕۆژێکە بردوویانەتە نەخۆشخانەیەک لەدەرەوەی شاری سنە.
شایانی باسە کە بەپێی کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییکان بۆ مافەکانی مرۆڤ پاراستنی ژیانی بریندار و دیلکراوانی شەر لە ئەستۆی ئەو لایەنانەی شەڕە کە بریندار یاخود دیلیان بەدەستەوەیە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان