سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران باشووری کوردستانی بۆردمان کرد

بەپێی ڕاپۆڕتی گەیشتوو  بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ۳ منداڵی بچووک وژن وپیاوێک کە هەموویان لە ئەندامانی بنەماڵەیەکن ،لە ئەنجامی بۆردمانی قورس لە ناوچەی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ باشووری کوردستان لە مەریوان برینداربوون.

هێزەکانی کۆماری ئئیسلامی کەلە سپای پاسداران وهێزە خۆجێییەکان(بەسیج)پێک هاتوون بەبیانووی بوونی هێزەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەستیان داوەتە تۆپبارانی ئەم ناوچانە.

پێگەیەنەرەکانی باشووری کوردستاان ڕایان گەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەودای ۳۰کیلۆمەتر دەستیان داوەتە تۆپبارانی ناوچە سنووریەکان وگوندەکانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ڕاپۆڕتە بڵاوکراوەکانی کەناڵی کوردستان۲٤و ڕووداو بە دەیان هێکتار لە ڕەز وباخەکانی هاوڵاتیانی کورد  بەهۆی ئەم تۆپبارانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەناو چوون.

هەرلەم پێوەندییەدا هاتووە کە نێزیک بە ٦گوند بەهۆی تۆپبارانی قورسی ئەم ناوچانە چۆڵ کراون ولە دەوروبەری شارۆچکەی سیدەکان گیرساونەتەوە.

بەرپرسی بەشی تەندروستی ناوچەی سیدەکان لە باشووری کوردستان  هەواڵی ڕەوانەکردنی چەندد ئامبوڵانسی بۆ ناوچە بۆردمان کراوەکان بڵاوکردەوە ،کە هەنووکە لە حاڵەتی ئامادە بوونی تەواودان.

ئەمە لە ئان وساتێکدایە کە نازم دەباغ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران دەڵێ:لە دانیشتنماندا لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران ،پێیان ڕاگەیاندووین کە خەڵکی مەدەنی ناکەینە ئامانجی تۆپ بارانەکانمان،بەڵکوو ئامانجی ئێمە بنکە وبارەگاکانی حیزبی دێموکڕاتی ئێرانە.

جێگەی باسە کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرجار بەبیانووی سەرکوت کردنی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کورڕستان دەستی داوەتە بۆردمان وتیرۆری ئەندامانی ئەو پارتانە.

بەپێی کونوانسیۆنی نێونەتەوەیی پێشێلکاری ئاقار وچوارچێوەی ووڵاتەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم کونوانسیۆنەی لەهەمبەر باشوری کوردستان پێشێل کردووە،بەڵام تا ئێستە حکوومەتی ناوەندی عێراق وهەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان دژکردەیەکیان بەرانبەر ئەم سەرەڕۆیی وپەلامارانەی کۆماری ئیسلامی ئیران نەنواندووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان