بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و لە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی یەكینەكانی پاراستنی گەل- یەپەگە، هێرشی دەوڵەتی توركیا و ئەو هێزانەی كە لەژێر فەرمانی ئەودان بۆسەر كانتۆنی عەفرین زیادی كردووە، سوڕانەوەی فڕۆکەکانیش بە ئاسمانی کۆبانێ بەردەوامە.

بەگوێرەی هواڵەکە :لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەكەی یەپەگەدا هاتووە لە ئەنجامی هێرش و پێشێلكارییەكانی سوپای توركیا لە حەوت ڕۆژی ڕابردودا ئاشكرا كراوە، کە تێیدا هاتووە، لەڕۆژی 20ی ئەم مانگەدا ئەو چەتانەی كە بەفەرمانی سوپای توركیا كار دەكەن، بە هاوەن گوندی مارانەز و گردی قەستەلێیان هاوه‌نباران کردووە‌ کە سەر بە ناوچەی عەفرینن، هاوکات لە هەمان ڕۆژدا بەچەكی هاوەن تۆپبارانی گوندی باسێفان-ی سەر بەناوچەی عەفرینیان کردووە.ئاماژە بەوەش كراوە كە لەشەوەی 20ی ئەم مانگەدا، سوپای توركیا بەچەكی قورس، هێرشی كردوەتە سەر گوندی كۆران، كە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی كۆبانێ‌.
هەروەها لەڕۆژی 21ی ئەم مانگەدا لە نێوان كاتژمێر 11-12ی نیوەڕدا، هێزەکانی گرێدراوی توركیا، بە چەكی دۆشكە و ئاڕ بی جی، تەقەیان لە گوندی باسوفان-ی سەر بەناوچەی عەفرین كردووە.
هەمدیسان ڕۆژی 22ی ئەم مانگەدا، فڕۆكە جەنگیەكانی سوپای توركیا بەسەر ڕۆژئاوای شاری كۆبانێدا گەڕاون، لەهەمان ڕۆژدا سوپای توركیا بەچەكی قورس هێرشی كردۆتە سەر گوندی سلێپ قیران، هەروەها هاتووە كە لە كاتژمێر 1ی هەمان شەودا، هێزەکانی سەر بەتوركیا بەچەكی دۆشكە هێرشیان كرد‌وتە سەر گردی برینداران-ی ناوچەی عەفرین، لەلایەكی ترەوە كاتژمێر 10ی هەمان شەو، بە چەكی دۆشكە هێرشیان كردۆتە سەر گوندی ماراناز ی ناوچەی عەفرین.

لەلایەکیترەوە بەچەكی دۆشكە و تانك و تۆپ و هاوەن، هێرشیان كردۆتە سەر گوندی ئەلقامی، سەر بەناوچەی عەفرین،

لەڕۆژی 23ی ئەم مانگەدا، چەتەكانی گرێدراوی سوپای توركیا، بە هاوەن هێرشیان كردۆتە سەر گوندی باسێفان و گردی شەهید شیلان، هەروەها بەچەكی دۆشكە هێرشان كردۆتە سەرگوندی ماراناز، سەر بەناوچەی عەفرین.

لە 24ی ئەم مانگەدا هێزەکانی گرێدراوی سوپای توركیا، بە هاوەن هێرشیان كردۆتە سەر گوندی باسوفان و فڕۆكە جەنگیەكانی سوپای توركیاش بەسەر سنوری ڕۆژئاوای كۆبانێ‌ دا سوڕاونەتەوە.

لە ڕۆژی 25ی ئەم مانگەدا، فڕۆكە بێ‌ فرۆكەوانەكانی سوپای توركیا، كە بۆ چاودێریكردن بەكاریدەهێنن، لەگەڵ فرۆكە جەنگیەكانیاندا بەسەر ئاسمانی ڕۆژئاوای شاری كۆبانێ‌- دا سوڕاونەتەوە.
لەكۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە ڕۆژی 26ی ئەم مانگەدا، چەتەكانی گرێدراوی سوپای توركیا دیسان بە هاوەن هێرشیان كردۆتەوە سەر گوندەكانی باسفان و ماراناز-ی سەر بەناوچەی عەفرین.

جێگەی باسە کە دەوڵەتی تورکیا لەهەمبەر بێ هێزکردنی ئەو هێزانە دژبە داعش لەشەڕدان لەگەڵ هێزی هاوپەیمان بەردەوامە لە پەلاماردانی ناوچە کوردنشینەکان،کەڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لەشەڕی دژبەتیرۆر.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان