بێکاری لە کوردستان و ئاسەوارە نێگاتیڤەکانی

زیاد بوونی رێژەی بێکاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆتە هۆیی پەرەسەندنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان و لە نوێترین روداو دا و تەنیا لە حەوتوی رابردو دا دو کەسی خەڵکی پارێزگایی کرماشان بە هۆیی نەبوونی دەرفەتی کار و چێ کردنی بژیوی ژیان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

یەکێک لەو کەسانە ناوی حەمید رەزا مەقسودنژاد خەڵکی کەنگاوەری سەر بە کرماشانە، کە بە هۆیی بێکاری و گوشارەکانی ژیان کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێناوە.

پارێزگایی کرماشان یەکێک لە بەپیت ترین پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، بە شێوازێک لە بواری کشت و کاڵ، کانگا ژێرزەویەکان، نەوت، گاز، ئاسن و … گەر بخوازرێت و هەوڵ بدرێت دەتوانرێت  بە هەزاران دەرفەتی کار بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایە بە کەڵک گرتن لەو دەرفەتانە بروخسێت. بەڵام بە هۆیی نەبوونی پلان و بەرنامەی راستەقینە، هۆکاری ئەمنیەتی و هەڵاواردن و نیگایی سیاسی ، هیچ هەوڵێک بۆ ئاوەدان کردنەوەی ئەو پارێزگایە لە لایەن حکومەتی ئێران نادرێت.

هەر لەو پێوەندیە دا و بە هۆیی نەبوونی کار و گوشارەکانی سەر ژیان،سێ شەممە واتا ۱٨ مانگی دوانزەی ئەمساڵ ژنێکی گەنجی ۱٨ ساڵان بە ناوی “ف” نیشتەجێی کۆڵانی بەهارانی شاری سەقز کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێنا.

بە پێی ئامارە فەرمی و نافەرمیەکان، پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین رێژەی بێکاران لەخۆ دەگرن و بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کار بۆتە هۆیی زۆر بوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان. خۆکوشتن، تەڵاق و کۆچ کردن دیارترین دیاردەکانن کە راستەوخۆ پێوەندیان بە نەبوونی  کارەوە هەیە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان باشترین و پرکانگاترین شوێنەکانن کە پێکهاتەی ئێستایی  ئێران پێکدێنن. کشت و کاڵ، ئاو و روبارەکان، نەوت، گاز، کانگاکانی بەرد، ئاسن، زێر، تۆریسم و ناوچەێکی گەش و جوان، دەرفەتگەلێکن کە کەم شوێن لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوین ئەو بەهایەیان بەیێکەوە هەیە، بەڵام بەبێکەڵک لێ وەرگرتن ماونەوە.

بەرپرسانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆکارگەلی سیاسی و نیگایی ئەمنیەتی هیچ چەشنە هەوڵێک بۆ ئاوەدان کردنەوە و پێش خستنی ئابوری و ژیانی ئەو بەشەی کوردستان نادەن و بگرە زۆرجار خۆیان رێگرن لە پێشکەوتنی بواری ئابوری و باشتر بوونی ژیانی خەڵک.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

20160309