تورکیا بۆ پشتیوانی لە داعش و تێرۆریستان ، رۆژئاوایی کوردستان بۆمباران دەکات

دوابەدوایی ئازادبوونی چەندین ناوچەی رۆژئاوایی کوردستان و پێشرەویەکانی هێزە کوردیەکان(ی پ  و ی پ ژ) و هێزەکانی سوریایی دێمۆکراتیک، دەوڵەتی تورکیا دەستی داوەتە بۆمبارانی ناوچە تازەئازادکراوەکان و بە هۆیی ئەو بۆمبارانە چەندین هاوڵاتی گیانیان لە دەست داوە و بە دەیان کەس بریندار بوون.

شکستی هێزە تێروریستیەکانی داعش، جبهەالنصرە و هتد بۆتە هۆیی تورەی و شڵەژانی تورکیا، کە لە سەرەتایی شەری ناوخۆیی سوریا پشتیوانیان لێ دەکات.

هێزەکانی داعش و جبهەالنصرە و باقی گروپەکانی سەر بە القاعیدە لە لایەن نەتەوەیەکگرتوەکان و هەموو جیهان بەگشتی وەک هێزی تیرۆر ناسێندراون و کورد و هاوپەیمانان شەر دژیان دەکەن، لە کاتێک دا دەوڵەتی تورکیا پەروەردەیان دەکا، سلاح و تەقەمەنیان دەداتێ، رێگایان بۆ دەکاتەوە و بەهەموو شێوەیێک هاوکاری و پشتیوانیان دەکات.

لە چەند رۆژی رابردوو و دوایی شکستی ئەو هێزە تێروریستانە، دەوڵەتی تورکیا بە ئاشکرا دەستی دایە پشتیوانی کردنیان و ناوچە کوردستانیەکان بۆمباران دەکات، ئەو ناوچانەی کە نێوان کانتۆناکانی عەفرین و کوبانی پێک دێنن.

هێزە کوردستانیەکان بە پشتیوانی هاوپەیمانان شەرێکی دژواریان دژی ئەو تێرۆریستانە کردوە و رۆژ بە رۆژ لە پێشکەوتن دان و تێرۆریستان ڕادەماڵن.

پێویستە نەتەوە یەکگرتوەکان و هێزی هاوپەیمانان گوشار بخەنە سەر تورکیا کە دەست لە پشتیوانی لە تێرۆریستان و ئاژاوەگێری هەڵگرێت،

نەتەوەیەکگرتوەکان و کوالیسیۆنی هاوپەیمانان دەبێ لە تورکیا پرسیار کەن، لە ماوەی رابردوو ئەو ناوچانە لە ژێر دەستی هێزە تێرۆریستیەکان دا بوون و بە سەدان خەڵک بوونەتە قوربانی، بەڵام ئێوە هیچ هەڵویستی دژی وانتان نەگرتە بەر و بگرە یارمەتیشتان دان، چۆنە کە ئێستا کە هێزە کوردیەکان کە پشتیوانی ئێمەیان هەیە دەگرنە بەر تۆپباران و هەرەشەیان لێ دەکەن.

نەتەوە یەکگرتوەکان و هێزەهاوپەیمانەکان پێویستە بە جدی و ئاشکرا هەڵوێستی تورکیا سەرکۆنە بکەن و  ئیزنی نەدەن کە چی تر روژئاوایی کوردستان بخاتە ژێر هێرش و هەرەشە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوایی کوردستان دەکات و دوپاتی دەکاتەوە کە تورکیا بە ئاشکرا پشتیوانی هێزە تێرۆریستیەکانی داعش و جبهەالنصرە دەکات، بۆمبارانی هێزە کوردیەکان و هاوکات پشتیوانی تورکیا لە تێرۆریستان ئارامی  رۆژئاوایی کوردستان و بەگشتی ئاسایش و ئەمنیەتی جیهانی دەخاتە مەترسیەوە.

بۆیە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان و هێزی هاوپەیمانان دەکات، لێپرسینەوە لە تورکیا بکەن و واداری بکەن چیتر هێرش نەکاتە سەر رۆژئاوایی کوردستان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

20160217