ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی هەواڵگری kmmk، بێهزاد ڕەسووڵی تەمەن ٤٣ساڵ، زیندانی سیاسی کورد خەڵکی شاری سەقز کە ٨ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێنراوە، ماوەی ١٣٣ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە بەرانبەر بەو حوکمەی بەسەریدا سەپاوە و ڕێگری لە چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی و چوون بۆ پشوو(مەرەخەسی). بەڵام پاش ئەو ماوە درێژە هیچ وڵامێکی وەرنەگرتووە.
شیاوی باسە کە ناوبراو بەبۆنەی مانگرتن لە خواردن کێشی تەواو دابەزیوە و ڕێژەی شەکر لە خوێنیدا هاتۆتە خوارەوە و لە کاتی خۆشۆردندا پتر لە کاتژمێرێک لە هۆش چووە و کەس لێی نەپرسیوە لە کاتێکدا کامێراکانی ناو بەندیخانە بەردەوام چاودێری هەر جووڵەیەکی ناو بەندیخانە دەکەن.
جێی سەرنجە کە بێهزاد ڕەسووڵی پێشتر پێشمەرگەی حیزبێکی کوردی بووە بەڵام دواتر چەکی داناوە و سەرقاڵی ژیانی خاوخێزی خۆی بووە کە ٤ی گەلاوێژی ساڵی پار بۆ دیتنی منداڵە بچووکەکەی سەردانی ئیسفەهان دەکات و هەر لەوێ دەسبەسەر دەکرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە هەموو ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، ڕێخراوی UN، لایەنە خێرخواز و مرۆڤدۆستەکان دەکات بەرانبەر بە مەترسییەکانی سەر گیانی ئەم زیندانییە سیاسییە هەڵوێست وەربگرن و هەر چەشنە کەمتەرخەمییەک دەبێتە گیانلەدەستدانی ناوبراو و بوار دەڕەخسێنێ کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە شکاندنی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان بەرانبەر بە زیندانیانی سیاسی کاراتر بێت.
ق.ش


