ک.م.م.ک:
یەکشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ی کوردی، هاوڵاتییەک بەناونیشانی ترووسکە عەبدوڵازادە ٢١ساڵ تەمەن کچی کەریم( ناسراو بە حاجی) خەڵکی گوندی کاسەکەران و دانیشتووی پیرانشار کە قوربانی بەمنداڵی بەشوودان و هاوسەرگیری زۆرەملێ بووە، لەلایەن هاوژین و باوکیەوە لەژێر ناوی شەرەف بە تەرزێکی هۆڤانە کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکان، باوک و مامی کە خەزووری ترووسکە بووە هاوژین و تاقمێک لە براکانی ناوبراویان بە لێدانەوە لە ژوورێک ئاخنیوە و سەبارەت بەوەی چی بکەن دەدوێن، ترووسکە ئاگای لە قسەکانیان دەبێت لە پەنجەرەی ژوورێکەوە کە لە قاتی دووهەم بووە خۆی فڕێ دەداتە دەرەوە.
لەو کاتەدا مامۆژنێکی فریای دوکەوێت و ترووسکە بۆ ماڵی مامێکی دیکەی دەگوازێتەوە. کاتێک باوک و مامی ترووسکە بەم حاڵەتە دەزانن، وەدوای دەکەون، ئەو مامەی کە ترووسکە لەماڵیان بووە پێش بە باوکی و مامی(خەزووری) دەگرێ و دەڵێ: نابێ کاریان بەسەرەوە بێت یان بەڵایەکی بەسەردا بێنن، ڕووداوێکەو هاتۆتە ئاراوە، بەڵام گوێی بۆ ڕاناگرن و کاتێک دەچنە ماڵەوە تا ئەو شوێنەی لە توانایاندایە لە ترووسکە دەدەن و دواتر باوکی بە ملپێچێک هەڵی دەواسێ هەرلەم کاتەدا هێوەرێکی ترووسکە ملپێچەکە دەدڕێ و گیانی ڕزگار دەکات بەڵام باوکی شەپێک هەڵدەدات لەسەری کە دەبێتە هۆی زەبرێکی گران لە ملی و گیان لەدەستدانی ناوبراو.
بەگوێرەی هەواڵەکە، ترووسکەی ٢١ساڵ تەمەن لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا ناچار بە هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕە مامێکی خۆی بەناوی ڕەحمان دوکرێ. ئەو بۆ خۆی منداڵێک بووە کە هەر لە سەرەتای هاوسەرگیریەوە دەبێتە خاوەنی منداڵێک. ترووسکە خاوەنی منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵ و کوڕێکی ٥ ساڵ تەمەنە.
شیاوی باسە، پاش کوشتنی ترووسکە، تەرمەکەی بۆ پۆلیسی ئاگایی حکوومەت لە پیرانشار دەگوازرێتەوە و باوک و مامی خۆیان ڕادەستی پۆلیس دەکەن بەڵام تەنیا باوکی دەستبەسەر دەکرێت.
تاکاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، تەرمی ئەم ژنە لە نەخۆشخانەیە و بڕیارە بۆ پشکنینی تەرمەکەی بۆ پزیشکی یاسایی لەورمێ بگوازرێتەوە.
ق.ش


