بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، مێهرداد سەبوری، ئۆمێد ئەحمەدی، شاهۆ سادقی، ئارام محەمەدی، ڕۆژین ئیبراهیمی ودڵنیا سەبوری بە تۆمەتی پەڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە ڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ۱ ی ئایار لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.
لقی یەکی دادگای شۆرشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە مێهرداد سەبوری بە یەک ۱ ساڵ، شاهۆ سادقی بە ۳ مانگ، ئۆمێد ئەحمەدی بە ساڵێک، ڕۆژین ئیبراهیمی بە یەک ساڵ، ئارام محەمەدی بە ۳ مانگ و دڵنیا سەبوری بە ساڵێک زیندان سزا دەدات.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکرێت کە ڕۆژی دووشەممە ۱۲ ڕەزبەر دادگا بە ڕێوەچوە و ۳ ی کاتژمێری خایاندوە، کە ئەم چالاکانە لەم دادگایەدا بە پەڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەکرێن، سەرەڕای ئەوە کە چالاکوانان ئەم تۆمەتە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن کە بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی یەکەمی مارس ((ڕۆژی جیهانی کرێکار)) پەڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران نیە، و یەکێک لە داخوازیە سەرەتایەکانی کرێکاران بە ئەژمار دێت و بەشداری کردن لە ڕۆژی جیهانی کرێکاردا لە ساڵی ۱۳۹٥ لە شاری کامیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مافی ڕەوا وسەرەکی خۆیان دەزانن و بەرپرچی دادگا دەدەنەوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ڕۆژین ئیبراهیمی و دڵنیا سەبوری لە ۱ ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ دا، لە لایەن ئیدارە ئیتلاعاتی شاری کامیاران بانگێشت و خرابوونە ژێر لێپرسینەوە و شاهۆسادقی، ئۆمێد ئەحمەدی، مێهرداد سەبوری و ئارام محەمەدی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای پشکنینی ماڵەکانیان و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلیان لە مانگی بانەمەڕ ساڵی ۱۳۹٥بە بێ ئیزن و بەڵگەی دادگا دەستبەسەر کران و لە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردان سالی ۱۳۹٥هەتاوی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


