زیندانیانی سیاسی لە ٢٦-ەمین ڕۆژی مانگرتندان

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ‘ڕەجایی-شار’ی شاری کەرەج بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ئەشکەنجەو هەڵسوکەوتی نامرۆیانەی بەڕێوەبەرانی زیندانەکە, ئەمڕۆ پێدەنێتە ٢٦-ەمین ڕۆژییەوەو بەرپرسانی uێرانیش گوێیان لێ خەواندووە.

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان، ١٩ زیندانی سیاسی زیندانی ڕەجایی-شاری کەرەج، کە لوقمان مورادی و زانیار مورادی، زیندانیانی سیاسی کورد، سەعید شێرزاد، زیندانی چەپ و ڕەزا شەهابی، چالاکوانی کرێکاری لە ناویاندان، ماوەی ٢٦ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووەو ئامنستی ئینتەرناشناڵیش دوێنێ لەبارەی دۆخی ئەو زیندانیانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.

ئەمنستی ئینترنشنال ڕایگەیاندوە: ٥٣ زیندانی سیاسی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بەزۆرەملی گوازراونەتەوە بۆ هۆڵی ژمارە ١٠ی زیندانی ڕەجایی-شاری کەرەج، ئەو زیندانیانە بریتین لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ، چالاکوانانی کرێکاری، ڕۆژنامەنووس، خوێندکار و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن و کەمینەکان”.

ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوەشداوە، کە پێویستە ئێران پابەند بێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێگابدات بە چاودێرە نێودەوڵەتییەکان سەردانی زیندانەکان بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، داواکاری گشتی تاران ڕایگەیاندووە، کە تەسلیمی داوکارییەکانی مانگرتووەکان نابین.

جێگای ئاماژەیە، کە پاش بەتاڵبوونی هۆڵی ژمارە ١٠ بەهۆی لە سێدارەدانی هەموو بەندکراوە سوننەکانی، بەڕێوەبەرانی زیندانەکە ئەو هۆڵەیان نۆژەنکردووەتەوەو لە هەموو شوێنەکانی ئەو هۆڵەدا تەنانەت لەناو توالێتەکانیشدا کامێرای چاودێریان داناوەو ٥٣ زیندانی سیاسییان گواستووەتەوە بۆ ناو ئەو هۆڵە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان