ک.م.م.ک:
بەپێی ئەو زانیارییانەی وەدەست کۆمەڵگەی مافی مرۆڤی کوردستان کەوتوونە، کەمال پیشوەندی خەڵکی مەهاباد کە لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە نیزامییەکانی ئێران لە خۆپیشاندەران تووشی برینێکی گران و قووڵی چاوی بووە، پێویستی بە نەشتەرگەری دووەم هەیە.
کەمال پیشوەندی لە ٢٠ی مانگی ڕەزبەری ساڵی رابردوو لە شاری مەهاباد لە ناوچەی سەرچاوە(مەنبەع) تەقەی لێکرا و هەردوو چاوی بە گرانی بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، تۆڕی چاوی چەپی دڕاوە و عەدەسەی سەرەکی چاوی (گلێنەی چاوی )بەتەواوی تێکچووە،
هەروەها برینێک لە سەرووی چاوی ڕاستەوە هەیە و ئەو فیشەکە ساچمەیەی بەر ئەم بەشە کەوتووە هێشتا دەرنەهێنراوە.
تا ئێستا بەهۆی هەوکردنی چاوەوە دووجار نەشتەرگەری بۆ کراوە و ئێستا پێویستی بە چاککردنەوەی گلێنە و چاندنی عەدەسە و چاککردنەوەی تۆڕی چاوی هەیە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، تێچووی نەشتەرگەرییەکەی بە یەک ملیار و دوو سەد هەزار تۆمان دەخەمڵێندرێت.
کەمال پیشوەندی خاوەنی دوو منداڵە و نە کارێکی جێگیر و نە داهاتێکی جێگیری نییە و کاری ئازاد و گەڕۆک دەکات.
ع – ر