هەڕەشە و پەلامار بۆسەر ماڵی لیدێرێکی سەرهەڵدانی ئابدانان لە لایەن هێزە سەرکوتگەرە ئەمنییەکانی ئێرانەوە

ک.م.م.ک:

پێنجشەممە١٣ی ڕێبەندانی٢٧٢٢ی کوردی، هێزە سەرکوتگەرەکانی ئیتلاعات و بەسیجی ئێران لە شاری ئابدانان لە پارێزگای ئیلام هەڵیان کوتایە سەرماڵی باوکی پەژار مەلەکی یەکێک لە لیدێرەکانی سەرهەڵدانی جەماوەری شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بە تەقاندنی گازی فرمێسک ڕێژ هێرشیان کردووە و ڕوومەتی برای ئەم چالاکە سیاسییە بەناونیشانی ئەمین مەلەکی ـیان بریندا کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هێزە سەرکوتگەرەکانی ئێران پاش ئەوەی ڕۆژی ڕابردوو ـ چوارشەممە١٢ی ڕێبەندان ـ پەیکەرەی بەسیج لە گۆڕەپانێکی ئابدانان هێنرایەخوار و تەقێنرایەوە، بۆ تۆڵەی ئەم جووڵە و دەسپێخەرییەی خەڵک هەڵیان کوتایەسەر ماڵی ئەم نووسەرەی کورد و بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لەڕوومەتی برای ناوبراو کرد کە برینداربوونی ناوبراوی لێکەوتەوە.

هەروەها هێزە تیرۆریستییەکانی سپا و ئیتلاعاتی ئێران بەتەقەی گازی فرمێسک ڕێژ بۆسەر ماڵی ئەم چالاکەی کورد بوون بەهۆی پڕووکانی ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراو کە هەنووکە لە ناوەندێکی دەرمانی لە شاری ئابدانان لەژێر چاوەدێری پزیشکیدان.

پەژار مەلەکی نووسەر و چالاکی سیاسیی کورد، نووسەری چەندد پەرتووک و بەرهەمە ئەدەبی نیشتەجێی باشووری کوردستانە کە تا ئێستە چەندد جار لەلایەن دامەزراوە تیرۆریستییەکانی سپای قودسی ئێران( دەرەوەی سنوور) هەڕەشەی ڕفاندن و تیرۆری لەسەر بووە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *