بێ بەش کردنی سامان یاسین لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی سەرەڕای شکانی لووتی لە ژێر ئەشکەنجەدا

ک.م.م.ک:

یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، هاووڵاتی دەستبەسەر کراو لە بەندیخانەی کەرەج و هونەرمەندی ڕاپ بێژ بە ناوی “سامان سەییدی ” ناسراو بە “یاسین ” کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتیەکانی گشتی لە لایان هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری تاران دەستبەسەر کرا بوو، سەرەڕای پێویستی بە پەلەی پزیشکی بە هۆی شکانی لووتی لە ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانیەکان بێ بەش کراوە.

بە گوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندی بە بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە، ئەشکەنجە کەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرە ملی لەم هاووڵاتییە زۆر بە سەختی ئەشکەنجەی دەدەن. لە ماوەی لێپرسینەوە دا یەکێک لە بازجووکان(لێکۆڵەرەکان ) قەڵەمێکی لە لای چەپی کونە لووتی ناوبراو ڕاکردوە کە بۆتە هۆکاری شکانی لووتی. ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند کە، شەوانە بە بەردەوامی خوێنی لە لووتی دەچۆڕێت و بۆتە هۆی ئەوەی کە بە دژواری هەناسە هەڵدەمژێت. سەرەڕای وێنە هەڵگرتن و پشتڕاستکردنەوەی پزیشکی بەندیخانە کە مەڕ شکانی لووتی، لە ناردن بۆ ناوەندە دەرمانیەکان بەربەست دەخەنە سەر ڕێگای ناوبراو.

شیاوی باسە کە، بڕیاری ئێعدامی سامان یاسین بە هۆی ناڕەزایەتی پارێزەرەکەی لە دادگای باڵای ئێران دۆسیەکەیان ناردووە ئەو لقەی دادگا کە بڕیاری داوە بۆ پێڕاگەیشتنی سەرلەنوێی پەڕاوگەکە.

پێویستە ئاماژە بکرێت کە، سامان سەییدی(یاسین ) پاش سێ حەوتوو لە کاتی دەسبەسەرکردنی لە دادگایەکی چاکراوو و ساختە لە دادگای گشتی و شۆڕشی حکومەتی ئێران لە شاری تاران لە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەر بەڕێوە چوو. بە تۆمەتی موحاڕەبە و گردبوونەوە و هاوکاریی دژی ئاسایشی نەتەوەیی بڕیاری ئێعدامی بۆ دەرکرا بوو.

سامان سەییدی لە رۆژی ١٠ی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری تاران لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران دەستبەسەر کرا بوو.

ع. ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *