۷ هاووڵاتی لە سنە لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە ڕفێندران

ک.م.م.ک:

بەگوێرەی هەواڵێکی سەرچاوەی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە۲۹ی سەرماوەزی۲۷۲۲ی، لە ئەنجامی هێڕشەکی هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی ئێران بۆ سەر گوندی باوریز-ی سەر بە سنە، پێنج هاووڵاتی بە ناوەکانی ڕامین ڕەزایی، ڕامیار ڕەزایی، حەمید ڕەزایی، ئیحسان سادقی و هوومەن حاجی میرزایی ڕفێندران و گواستراوەنەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی سەرچاوەکە، ڕامین و ڕامیار ڕەزایی برا بوون و کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی هەموو هاووڵاتییە ڕفێندراوەکان لە ماڵەکانیان هێرشیان کراوەتە سەر.

لە لایەکی دیکەوە ،ڕۆژی دووشەممە ۲٨ی سەرماوەز، هێزەکانی ئەمنییەتی لەبەردەم دادگای ئینقلابی ئێران لە شاری سنە، عومەر مورادخانی، سوارکاری دەڤەری نایسەر- یان دەستبەسەر و گواستیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە۱٦ی سەرماوەز، لە ئەنجامی هێڕشەکی هێزەئەمنییەتییەکانەوە لە ماڵی باوکی لە شارۆچکەی حەسەن ئاوا-ی سەر بە سنە، سوبحان غەفوری تەمەن ۳٥ ساڵان ڕفێندراوە.

جێگای باسە کە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەمەڕ دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ئەم  هاووڵاتییەیانە، هیچ زانییارییەک بەدەستەوە نییە.
ع. س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *