خۆ کوشتنی کرێکارێکی کورد له‌ شاری مه‌هاباد

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ئەمڕۆ سەر لە بەیانی ۱٦گەلاوێژی ۱۳۹٥کرێکارێکی کورد تەمەن ٤۳ ساڵ خاوەنی ژن و دوو منداڵ بەهۆی هەژاری وبێکاری لە ماڵی خۆیدا لە گەڕەکی باخی شایەگانی شاری مهاباد کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە گوتەی کەسانی نێزیک لە ڕووداوەکە، ئەم کرێکارە بە پەتی سێدارە خۆی دەکوژێت.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە بە پێی ڕاپۆرتە یەک لە دوای یەکەکان کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە لە مەڕ زۆر بونی خۆ کوژیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، منداڵی ۱۰ ساڵە تاپیری ۷۰ ساڵە خۆیان کوشتوە کە هۆکاری سەرەکی خۆکوژیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی ئابوری، هەژاری وبێکاری، نەبونی هیوا بە داهاتو، خەمۆکی، تووش بوون بە مادە هۆش بەرەکان وکێشە کۆمەڵایەتیەکان باس کراون.

حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خۆی سەرچاوەی ئەم کێشانەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وئێران دا وهیچ چەشنە پلان وپڕۆژەیەکی بۆ بەرگری کردن لەم دیاردە دژە کۆمەڵایەتیانە نەبوە.

ئێران لە دواین ڕێزبەندی وڵاتانی شادی جیهاندا کە لە لایەن بنیادی ئابوری نوێ (NEF) کراوە. لە نێوان ۱٤۰ وڵاتدا لە پلەی ۸٤جێیگرتوە. ئەم ڕێزبەندیە بۆ پیوانە کردنی تەندروستی، ئازادی و دارابوون دەکرێت. کە هەر یەک لە وڵاتان بە پێی پێوەرگەلێکی تایبەت بۆ نمونە بە بنچینە گرتنی ڕێچکەی ژیانی باشتر، بەراوەردی گەشەی ئابوری و…ئاماژە دەکرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان