ک.م.م.ک:
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون چالاکوانێکی مەدەنی و ژینگەیی شاری مەریوان بە ناوی “ئیرەج ڕەحیمی”و هاوژینەکەی “شادی دەرگاهی”، لە بەندیخانەی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە (سنندج )لە دۆخێکی نادیار دا ژیان تێپەڕ دەکەن.
ئیرەج ڕەحیمی کە زیاتر لە سێ مانگە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەریوان دەستبەسەر کراوە.
جارێک بۆ بەندیخانەی گشتی ئێران لە مەریوان ڕاگوێزرا بەڵام دوای حەوتوویەک دیسان ناردیانەوە بەندیخانەی ئەمنیەتی ئێران لە سنە(سنندج ).
شیاوی باسە کە، شادی دەرگاهی لە ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕدا لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکان دەستبەسەر و تا ئێستا لە بەندیخانەی ئەمنیەتی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە(سنندج )ژیان تێپەڕ دەکات.
بە وتەی یەکێک لە کەسوکارەکانی ئەو ژن و مێردە دەستبەسەر کراوە، لە ماوەی دەستبەسەر کرانیان دا تائێستا تەنیا بۆ جارێک بە تەلەفۆن پەیوەندیان بە بنەماڵەکانیانەوە گرتوە.
وا مەزەندە دەکرێت کە، ڕاگرتنی ئەو چالاکوانە مەدەنی و ژینگەییانە لە ژوورە ترسناکەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرە ملی بێت.
شادی دەرگاهی و ئیرەج ڕەحیمی منداڵێکی ١١ ساڵەیان هەیە کە دووری لە دایک و باوک، ئەو منداڵەی بەرەوە دۆخێکی خراپی دەروونی بردوە.
ع . ر