ورمێ؛ زیندانییەکی سیاسی مەحکووم بە سێدارە لە خزمەتگوزاری پزێشکی بێبەری کڕاوە

ک.م.م.ک:
چوارشەمم 24ی خاکەلێوەی 2722ی کوردی، زیندانییەکی مەحکووم بە سێدارەدان بە ناسنامەی حاتەم ئۆزدەمیر، هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی تورکیا(باکووری کوردستان) کە لە زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە ورمێ زیندانی کراوە، سەرەڕای ئەوەی کە پێویستییەکی بەپەڵە بۆ نەشتەرگەری و چارەسەری هەیە، لە خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەرییە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ناوبراو تووشی نەخۆشی بەردی گورچیلە بووە و پێویستی بەخزمەتگوزاریی پزێشکی زیاتر هەیە و لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بارودۆخی پشتگوی خراوە.


بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو چەندین جار داوای کردووە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان بکرێت بۆ چارەسەرکردن.

ئەو زیندانییە سیاسییە نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان پشکنینی پزیشکیی کردووە و پزیشکەکەی چوار بەرد لە گورچیلەکانی دا دەستنیشان کردووە و نەشتەرگەری بەپەلە بۆی بەپێویست زانیوە، بەڵام ناوبراو دواجار بەبێ هیچ چارەسەرێک گەڕایەوە زیندان و ئێستا دەرمانی ئازار بۆ هێورکردنەوەی ئازاری لە بێهداری زیندانەکە وەردگرت و دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ بەندی زیندان.

جێگای ئاماژەیە، کە ئەو زیندانییە سیاسییە لە مانگی ڕەشەممەی 2721دا لە لایەن لقی دادگای ئینقلابی ئیسلامی حکوومەتی ئێرانەوە، دوای 33 مانگ دەستبەسەرکردنی کاتی بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان بە ئێعدام مەحکووم کراوە و لە ساڵی 2719وە لە زیندانی کۆماری ئیسڵامی لە شارێ ورمێ دا گیراوە.
ع. س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *