چالاکێکی سیاسی خەڵکی سەردەشت لە هەولێر تیرۆر کرا

KMMK:
بە پێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، چالاکوانێکی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە ناوی ئەحمەد بێخەم بەکوژراویی لە شوققەکەیدا لە شاری هەولێر لە لایەن ئاسایشەوە دۆزراوەتەوە.
بە پێی لێدوانی بەرپرسانی ئاسایشی هەولێر شوێنەواری ئەشکەنجەدان بەسەر جەستەیەوە بووە.

بە پێی هەواڵێکی ناوەندی ڕۆژنیوز، تەرمی ئەو چالاکە سیاسیە، ڕۆژی ٣١ـی ١٢ـی ٢٠٢١ لە شوققەکەیدا لە شاری هەولێر دۆزراوەتەوە.

ئەحمەد بێخەم، چالاکی سیاسی خەڵکی سەردەشت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانە و بە هەڤاڵ کەژوان ناسراوە و چەندین ساڵە کە لە هەولێر نیشتەجێ بووە.

بە پێی هەواڵی ناوەندی ڕۆژنیوز، ماڵباتەکەی چەندین جار پەیوەندیی بە قوربانی دەکەن، بەڵام وەڵامێک ناگرن، دوای دوو ڕۆژ لەلایەن پۆلیسەوە پەیوەندی بە ماڵباتیەوە کراوە و هەواڵی کوژرانیان پێ ڕاگەیەندراوە”.

بە پێی زانیاریەکان، شوێنەواری ئەشکەنجەدان بەسەر جەستەی ناوبراو بووە و جەستەی شین بووەتەوە و گومان دەکرێت لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدابێت، تەرمەکەشی لە قەڵادزێ بەخاکسپێردراوە.

هێزە ئەمنییەکان بە کەسوکارەکەیان ڕاگەیاندووە، کە دوای ٢٠ ڕۆژی دیکە وردەکاریی گیان لەدەستدانی ئەو چالاکوانەیان پێ ڕادەگەیەنن.

ئەحمەد بێخەم، یەکێک بووە لەو کەسانەی لەکاتی سەفەربەریی بۆ شۆڕشی کۆبانێ، چووەتە ڕۆژئاوای کوردستان و لە ڕیزەکانی یەپەگەدا بەشداریی لە شۆڕشەکەدا کردووە.
ج.ع

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *