KMMK:
دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ی كوردی، ھاوڵاتییەكی ژن بە ناونیشانی سوعدا خەدیرزادە كچی ڕەحیم خێزاندار و دایكی دوو منداڵ، خەڵكی پیرانشار پاش كۆتایی قۆناغی لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئەمنییەتی ئێران لە ورمێ بۆ زیندانی ئێران لەو شارە ڕاگوازرا.
جێی بیرھێنانەوەیە كە، ناوبراو ڕێكەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێران بە بێ نواندنی حوكمی قەزایی دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەیەكی ئەمنییەتی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرابوو.
شیاوی باسە كە ئەم ھاوڵاتییە لە كاتی دەستبەسەری دووگیان بووە.
بە پێی ھەواڵەكانی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان، سوعدا خەدیرزادە لە ماوەی دەستبەسەری نەشتەرگەری ئاپاندیس بۆ کراوە و لە دۆخێكی جەستەیی ناجێگردایە.
ھەروەھا ئەم ژنە دووگیانە لە ماوەی دەستبەسەری لە پاراستنەكانی سەردەمی دووگیانی بێبەری بووە و پێویستی خێرای بە چاوەدێری پزیشكی ھەیە و ھەروەھا لە چاوپێكەوتنی بنەماڵە و دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەریە.
تا كاتی ئامادە كردنی ئەم ھەواڵە، لەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم ھاوڵاتییە زانیاری بەدەستەوە نییە.
ق.ش