ھێرشی سەلەفیەکان بۆ سەر خەڵکی شاری سنە و بریندار کردنی چەند کەسێک

KMMK:
یەک شەممە 2ی جۆزەردانی 2721ی کوردی، نزیک بە 50 کەس لە سەلەفیەکان لە شەقامی «خێرەزنە»ی شاری سنە ھێرشیان کردوەتە سەر خەڵکی ئەو گەڕەکە و چەند کەسێکیان بریندار کردوە.

بە پێی راپۆرتەکە، سەلەفیەکان لە گەڕەکەکانی حاجی ئاوا، شەھرەک زاگرۆس، مەیان شۆرا، بلوار کوردستان و دەفتەر فەنی ھێرشیان کردوەتە سەر خەڵک و چەند کەسێکیان بریندار کردووە و بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری ئەوشارە گوازراونەتەوە.
لە درێژەدا سەلەفیەکانی شاری سنە ھێرشیان کردوەتە سەر نەخۆشخانەی کەوسەر و داوایان کردوە کەبریندارەکان بدەن بەدەستیانەوە تاکو سزایان بدەن.
بە پێی وتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، خەڵک پێشیان بە بەدەستەوەدانی بریندارەکان گرتوە و بەو بۆنەوە سەلەفیەکان لەگەڵ خەڵکی سڤیل تێک ھەڵچون و ھێرشیان کردوەتە سەر خەڵک و رێگای سەرەکی نەخۆشخانەی کەوسەریان داخستوە تا نیوەی شەو.
جێگای ئاماژەیە کە ماوەیەک پێش ئێستا سەلەفیەکان لە شارەکانی مەریوان و سەقز بە پشتگیری سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم شارانە، ھێرشیان کردوەتە سەر خەڵک و چەند کەسێکیان بریندار کردبوو.
بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو لەشاری مەریوان، سەلەفیەکانی ئەم شارە لە ژێر چاوەدێری دەزگای ئیتلاعاتی سپای کۆماری ئیسلامی ئێران و بە رێبەری مەلا موحسینی کۆنەپۆشی کوڕی شێخ تالیب و مەلا قادری سێفی و ھەروەھا مەلا موستەفای شێرزادی- مەلای ھەینی دیاریکراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەم شارە- لە ساڵی 2707ی کوردیەوە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی خولی پەروەردە بۆ سەلەفیەکانن بە مەبەستی سەرکوتی خەڵک لەم شارەی رۆژھەڵاتی کوردستان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *