سنە؛ دلێر نەسری بۆ جێ بە جێ کردنی حوکمەکەی رادەستی زیندان کرا

KMMK:

یەک شەمە  11ی خەزەڵوەری  2720ی کوردی “دلێر نەسری” بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی رادەستی زیندانی ناوەندی ئێران لە شاری سنە کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم شارۆمەندە بانگهێشتی لقی جێبەجێ کەری دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنە کراوەو دواتر هەناردراوە بۆ زیندان.

بە پێی زانیارییەکان ناوبراو سزای یەک ساڵ زیندان و هەر وەها بڕە پارەیەک سزای مادی بەسەردا سەپاوە.

دلێر نەسری پێشتر لە لایەن داداگای ئینقلابی ئێرانەوە بە دوو ساڵ زیندان سزا درابوو و دواتر لە دادگای پێداچوونەوە حوکمەکەی بۆ یەک ساڵ و دانی بڕە پارەیەک کەم کرابوو.

جێگای ئاماژەیە، دلێر نەسری خەڵکی گوندی “تەنگیسەر” و دانیشتووی سنە لە بەڕواری 2ی رەزبەری2719 لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزەکانی سپاوە گیرابوو و دوای ماوەیەک لێپێچینەوە لە ژوورەکانی ناوەندی ئەمنی شارامفەر لە سنە بە دانانی بارمتەی 250 ملوێن تمانی ئازاد کرابوو.

ناوبراو لە کۆتایی هەمان ساڵ لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە شاری سنە بە دادوەری “سەعیدی” بە تۆمەتی هاوکاری حزبێکی کۆردی دژبەری ئێران بە دووساڵ زیندان حوکم درا کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوە حوکمەکەی بۆ یەک ساڵ زیندان و دانی بڕێ پارە بە هۆی دەرچوونی بێ ئیزن لە سنووری ئێران، داشکا.  

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان