کوژرانی دوو کۆڵبەر و برینداربوونی کۆڵبەرێکی دیکە لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

KMMK:

ڕۆژی یەکشەممە ١۴ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، کۆڵبەرێکی گەنج بە ناوی ” مەحموود مورادی” کوڕی جەلال تەمەن ٢٢ ساڵ خاڵکی گوندی قولی ئاوای بانە لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بوو بە ئامانجی تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران و گیانی لە دەست دا.

بە گوێرەی هەواڵەکە: ئەم کۆڵبەرە گەنجە بە بێ هۆشداری پێدان تەقەی لێ دەکرێ و فیشەکێک بەر سکی دەکەوێ و هەر لەوێ دەمرێ، و ئەمڕۆ هەر لەو گوندەی لێی لە دایک ببوو ئەسپەردەی خاک دەکرێ. شەوی شەممە بۆ یەکشەممە ١٤ ی گوڵان لە نۆکان ــ کانی زەردی ناوچەی سەردەشت هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران تەقە لە کۆڵبەرێک بە ناوی “محەممەد ئیبراهیم زادە” دەکەن و دەیکوژن. ناوبراو خەڵکی گوندی ” نەبی ئاوا”ی سەر بە شاری “ڕەبەت “ه و خێزاندار و خاوەنی ٣ منداڵە.

ڕۆژی شەممە ١٣ی گوڵان، کۆڵبەرێک بە ناوی ” سدیق ئەحمەدی” لە دەورووبەری گوندی سنووری ” وەکیل” سەر بە چالدێران دەکەوێتە بەر تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و بە خەستی بریندار دەبێت.

جێگای سەرنجە: ئەم هێزانە بە گومانی ئەوەی ناوبڕاوی هەڵگری کاڵای قاچاخ بێت بە بێ هۆشداری پێدانی پێشوەختە و لە مەودای نێزیکەوە دەیدەنە بەر دەستڕێژ و برینداری دەکەن.

شیاوی باسە: خەڵکی وەزاڵە هاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەردەم لە بەر بێکاری و هەژاری لە ژێر سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ناڵاندوویانە و بە هاتنی ڤایرۆسی کورۆنا و گوشاری لە ڕادەبەدەر وای کردووە خەڵک لەم کەشە توندی قەرەنتینەدا دیسان ڕوو لە کۆڵبەری بکەن و بۆ بژێوی بنەماڵەکەیان گیان و ژیانی خۆیان هەڕاج بکەن.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بەم سێ حاڵەتەوە ١٢ کۆڵبەر کوژراون و٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاریش بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان