هێزە ئەمنیەتییەکان ١٣ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد
بەپێی هەواڵی گەیشتو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە پێنج شاری مەهاباد، بۆکان، شنۆ، سەقز و سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ١٣ هاووڵاتی کورد لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، دەستبەسەر کران.
حەوتووی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهاباد لە پارێزگای ورمێ، بە هێرش کردنەسەر ماڵی هاووڵاتییان، پێنج کەسی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوەکانی مستەفا سوڵدۆزی خەڵکی گوندی “قەرەقشلاق”، سیروان مستەفایی خەڵکی گوندی”داشخانە”، ئەمیر عەبدوڵڵا زادە خەڵکی گوندی “بێنگوێن” و ڕەحیم و خوشناو ئیسماعیلی خەڵکی گوندی”خۆڕخۆرە” دەستبەسەر کردوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەوە.
ئەو هاووڵاتییانە کە لە نیوەشەوەی ١٠ی پووشپەڕ، لەلایەن هێزەکانی ئەمنی و چەکدارانی سپای پاسداران دەستبەسەر کراون، هەروەها هێزە ئەمنیەکانی ئێران بەبێ موڵەتی یاسایی، خانووی ئەو پێنج هاووڵاتیانەیان پشکنیوە و هێندێک کەرەسە و وەسایلی شەخسیان لەگەڵ خۆیان بردوە.
هەواڵەکان باس دەکەن کە ئەو کۆمەڵە گەنجە بە تۆمەتی “لاینگەری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی کۆماری ئیسلامی ئێران” دەستبەسەر کراون و لە ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ڕاگیراون.
هەروەها لە شاری بۆکانیش هێزە ئیتلاعاتیەکان لاوێکی تەمەن ٣١ ساڵەیان بە ناوی عەلی سوورخی خەڵکی گوندی “کۆستە”یان دەستبەسەر کرد. عەلی سوورخی ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕ لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.
لە شاری شنۆ دوو لاوی کورد بە ناوەکانی یەعقوب و سەدیق باکرام لە گوندی قەرەسەقەل کرد کە لەلایەن هێزەکانی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرابوون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
هەروەها لە شاری سەقزیش لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵە بە ناوی ئاوات شەریفی لە سەرەتای حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر دەکرێت.
ئەو هێزانە سەرەڕایی پشکنینی ماڵەی ئەو هاووڵاتیە سەقزیە، هێندێک کەرەسەی شەخسی ئاوات وەک لەب تاب، دەفتەری یادداشت و موبایلیان لەگەڵ خۆیان بردووە. ناوبراو چەند مانگ پێشدەستبەسەر بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ستادی خەبەری ئیتلاعاتی شاری سەقز زیندانی کرا بوو.
لە شاری سەردەشت ٤ هاووڵاتیی لە پەیوەندیی لەگەڵ کوژرانی دوو کۆڵبەر کە برا بوون دەستبەسەر کراون.
ناسیح، ڕەسووڵی و ئەبووبەکر عەلیخانی لەگەڵ عومەر عەبدوڵڵاپوور ناوی ئەو هاووڵاتییانی دەستبەسەر کراوەی گوندی “گوێریلێ”لە شاری سەردەشتن.
ئەو چوار هاووڵاتییە ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعات”ناجا” دەستبەسەر و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەیی ئەم هەواڵە لە چارەنووسی دەستبەسەر کراوەکان هیچ زانیاریەک لە بەر دەست دا نیە.
پاش تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی پایگای گوندی گوێزیلێ لە ڕۆژی ٧ی پووشپەڕ و کوژرانی دوو برا بە ناوەکانی ڕەووف تەمەن ٢٢ ساڵە و لەتیف عەلیخانی ٢٦ ساڵە کوڕی ئیسماعیل، شەپوڵێک لە توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکی ناوچەی ئالانی شاری سەردەشتی لێکەوتەوە.
هێزە چەکدارەکانی ئیران سەبارەت بە دژکردەوەیی نارەزایەتی خەڵکی گوندی گوێزیڵێ، ئاو، کارەبا و تەلەفون ئەو گوندەیان پچڕاند و هێندێک لە مووچە و مەزرای دانیشتوانی خۆجێیان ئاگر تێبەر دا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان