لە ناوچەى سوور هەزار و ٤٣٤ خانووى تر دەڕوخێنرێن

لە ناوچەى سوور هەزار و ٤٣٤ خانووى تر دەڕوخێنرێن

هاوسەرۆکى ژوورى بیناسازیى ئامەد ڕایگەیاند، تا ئێستا لە ناوچەى سوورى ئامەد هەزار ٣١٢ خانوو و بینا ڕووخێنراون و هەزار و ٤٣٢ خانوو و بیناى تریش دەڕوخێنرێن بەوەش ژمارەى خانووە وێرانکراوەکان لە ناوچەى سوورى ئامەد دەگاتە دوو هەزار ٧٥٦ خانوو و بینا.

بوشرا جزیرلى ئۆغلار ساداک هاوسەرۆکى ژوورى بیناسازیى شارى ئامەد ئەمڕۆ ١٧ى حوزەیرانى ٢٠١٦ لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسى لە شارى ئامەد ڕایگەیاند، بەپێى لێکۆڵینەوەى ژوورى بیناسازیى ئامەد لە ماوەى شەش مانگى ڕابردوودا لە ناوچەى سوورى ئامەد ڕووبەڕێک بە گەورەیى ٤٨ دۆنم و هەزار و ٣١٢ بینا و خانوو لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وێران کراون.

هاوسەرۆکى ژوورى بیناسازیى ئامەد ڕاشیگەیاند، بەپێى ئەو پلانەى کە دانراوە بۆ ناوچەى سوورى ئامەد، هەزار و ٤٣٤ خانوو و بیناى تریش لە ناوچەى سوورى ئامەد لەلایەن دەوڵەتی تورکیا مەترسیى ڕووخاندان و تێکدانیان لەسەرە.

بوشرا جزیرلى ئۆغلار ساداک ئەوەشى خستەڕوو، دەسەڵاتداران لە سەرەتاى ٢٠١٥ەوە دەستیان بەکارى ئەندازەیى کۆمەڵایەتى کردووە و دەیانەوێت ناسنامە جیاوازەکان، بیروبڕوا جیاوازەکان و ئەو مێژووەى کە لە ناوچەى سوورى ئامەد پارێزگاریى لێکراوە لە ناو ببەن.

بەپێى قسەکانى هاوسەرۆکى ژوورى بیناسازیى ئامەد، بەرپرسانى حکومەت دەیانەوێت لە چوارچێوەى پلانەکانى سەرۆکى ژینگە و شارەوانییەکانی حکومەتى تورکیا “ناوچە مەترسیدارەکان” و “ئیستیملاک کردنى خێرا” بۆ ناوچەکانى سوورى ئامەد، جزیرە، سلۆپى و هەزەخ، کە خۆڕاگریى کۆمەڵایەتییان تێدا پێشکەوت لە ڕووى کولتوری و سیاسیى و مێژووییانەوە وێران بکرێن.

بوشرا جزیرلى ئۆغلار ساداک لە بەشێکى ترى قسەکانیدا وتى “لە شەش مانگى ڕابردوودا لە ناوچەى سوورى ئامەد ٢٤٥ خانووى یەک نهۆمی، ٩٤٣ بیناى دوو نهۆمی، ٦٠ بیناى سێ نهۆمی، ١٥ باڵەخانەى چوار نهۆمی، ٣٠ باڵەخانەى پێنج نهۆمی و ١٠ باڵەخانەى شەش نهۆمى وێرانکراون، کە ٥٦ بینایان وەک بیناى مێژوویى تۆمار کرابوون و ٦٨ بیناشیان بیناى بە بایەخ بوون و ئەوانەش بە گشتى دەکاتە هەزار و ٣١٢ خانوو و بینا، کە لە ڕووبەرى ٤٨ دۆنمدا لەلایەن دەسەڵاتدارنەوە وێرانکراون”.

هاوسەرۆکى ژوورى بیناسازیى ئامەد ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، لە دواى چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و بەپێى ئەو زانیاریانەى گەیشتووەتە دەستیان سێ هزار و ١٨٧ بینا و خانووى تر لە ناوچەى سوورى ئامەددا بوونیان هەیە، کە لە چوارچێوەى پلانەکانى دەسەڵاتدا هەزار و ٤٣٤ بینا و خانوویان مەترسیى ڕووخانیان لەسەرە”.

بوشرا جزیرلى ئۆغلار ساداک هاوسەرۆکى ژوورى بیناسازیى ئامەد لە کۆتایى قسەکانیدا وتى “ڕێگە نادەین ئەو شارانەمان کە ژمارەیەکى زۆر هاووڵاتییان تێدا شەهیدبوون و بە تایبەتى سوور، جزیرە، هەزەخ، نسێبین، گەڤەر و سلۆپى ببنە بە شوێنى کارى چاوچنۆکەکان کە لە چوارچێوەى پلانەکانى دەسەڵاتدا بیانەوێت خۆیانى پێ دەوڵەمەند بکەن”.

ئەوەش لە کاتێکدایە میدیاکان ڕۆژى ١١ى نیسانى ٢٠١٦ بڵاویانکردەوە، کە سوپاى تورکیا پێنج خوێندنگەى لە ناوچەى سوورى ئامە کردووە بە بنکەى سەربازى و خوێندکارەکانى بۆ دەرەوەى ناوچەى سوورى ئامەد گواستراونەتەوە.

حکومەتى تورکیاش ڕایگەیاندبوو، ناوچەى سوورى ئامەد ئیستیملاک دەکەن و دانیشتوانى ئەو ناوچەیە ڕادەگوێزن و ناوچەکەش دەکرێت بە موڵک گشتى، یان موڵک حکومەت. ئەوەش کاردانەوەى ڕێکخراوەکان و سەرۆک شارەوانیى ئامەد و هەدەپە و دەبەپەى لێکەوتەوە.

هەروەها ڕۆژى ٢١ى ئایاری ٢٠١٦ ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى (ئەمنستى ئینتەرناشناڵ) ڕایگەیاندبوو، ئەوەى لە ناوچەى سوورى ئامەد ڕوویداوە ترسناکە و تا ئێستاش ڕێگا بە کەس نادرێت سەردانى ئەو ناوچەیە بکات.
حکومەت و سوپاى تورکیا لە ڕۆژى ٢ى کانوویى یەکەمى ٢٠١٥ەوە ناوچەى سوورى ئامەدیان بە ناوچەى قەدەغەکراو ڕاگەیاند.

لە دواى ڕاگەیاندنى قەدەغەى هاتووچۆ بۆ ماوەى ٩٩ ڕۆژ پێکدادان و ئۆپراسیۆنى هێزەکانى سوپا و پۆلیسى تورکیا لە دژى ناوچەى سوور بەردەوام بوو و لە ئاکامدا چەندین پێکدادان لە نێوان شەڕڤانانى یەکینەکانى پاراستنى سڤیڵ (یەپەسە) و هێزە ئەمنییە جۆارجۆرەکانى تورکیادا ڕوویاندا.

لە دواى ٩٩ ڕۆژ ئۆپراسیۆنەى سەربازى لە دژى ناوچەى سوورى ئامەد کۆتایى پێهێنرا، بەڵام قەدەغەى هاتووچۆ بۆ ناوچەى سوورى ئامەد تا ئێستا (١٧ى حوزەیرانى ٢٠١٦)، کە دەکاتە ١٩٩ ڕۆژ لەو ناوچەیەدا بەرەدوامە.

لە دواى کۆتایهاتن بە ئۆپراسیۆنەکانى سوپا و پۆلیس لە دژى ناوچەى سوورى ئامەد، حکومەتى تورکیا بڕیاریدا ناوچەى سوورى ئامەد ئیستیملاک بکات و دانیشتوانەکەى بگوێزێتەوە بۆ شوێنەکانى تر.

ناوچەى سوورى ئامەد لە ١٥ گەڕەک پێکدێت. مێژوویترین و کۆنتەرین ناوچەى شارى ئامەدە. چەندین شوێنەوارى مێژوویى جۆراجۆرى سەردەمە جیاوازەکانى تێدایە.

%d bloggers like this: