KMMK:
چالاکێکی کوردی کولتوری و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دانیشتوی شاری کەلات بەناوی مەهدی گەنج بەخش لایین کوڕی عەلی و لەدایک بووی ۱۳۴۷ی هەتاوی بە هۆی چالاکیەکانیەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە شێوەی بەردەوام خراوەتە ژێر زەبر و زەخت.
مەهدی گەنج بەخش لایین جۆزەردانی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی بە بڵاو کردنەوەی پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرگری لە نوسەر و رۆژنامەوانێکی کورد، سزای سەپێندراو بەسەر ئەم نوسەرەدا ئیدانە کردبوو. دواتر ناوبراو لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و پۆلیسی ئەمنییەوە بانگهێشت و دواتر دەستبەسەر کرابوو.
مەهدی گەنج بەخش لایین بە بێ رونکردنەوەی تاوان بۆ ماوەی ۱۰ رۆژ لە بەندیخانەی وەکێڵ ئاوای مەشهەد دەست بەسەر و پاشان بە دانانی بارمتەی ۲۰۰ ملوێن تمەنی و کەفالەتی فەرمانبەرێکی حکومی بۆ ماوەی کاتی تا دەرچونی قەراری سزاکەی ئازاد دەکرێت.
ئەم شارۆمەندەی کورد، ساڵی ۱۳۹۰ی هەتاوی بەتاوانی پروپاگاندە دژ بە حکومەت لە بەرژەوەندی حزبە کوردستانیەکان، دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوی دوو مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەد لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بوو و پاشان لەلایەن دادگەی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بۆ ماوەی پێنج ساڵی بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پێی وتەی سەرچاویەکی ئاگادار: ئەم چالاکەی کورد لە ماوەی یک ساڵی رابردوودا چوار جار بانگهێشتی دادگە کراوە و ناوبراو و بنەماڵەکەی خراونەتە ژێر زەخت و بێحورمەتییان پێ کراوە.
چالاکانی کورد لە خۆراسان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە ئامانجەوە دەدرێنە ژێر زەبر و زەخت، بانگهێشت و دەستبەسەر کردن و چالاکیەکانیان بە قەدەغە ناو دەبرێن. لەهەمانکاتدا بە پێی مادەی ۱۵ی یاسای بنەڕەتی ئێران خوێندن و نوسین و وانەدانەوە بە زمانی دایکی نوسراوەتەوە بەڵام؛ هەرچەشنە چالاکیەک لەوبارەوە لەلایەن حکومەتەوە بە سەختی بەرپەرچی دەدرێتەوە.
لە سەر ئەم زەبر و زەختانە دەکرێت چەند وانەیەک وەک هەڵسوکەوت لەگەڵ نوسەران و کۆکردنەوەی کتێبەکان (خوێندن و نوسینی زمانی کوردی) وڕێگری لە دانیشتنە کولتوریەکان و قەدەغە کردنی ناو هێنانی دەست بە ڕێنوسەکان لە تی ڤی و بەرگری لە خوێندنەوەی شێعری شاعیرەکان و بانگهێشت و هەڕەشە و دەستبەسەر کردنی چالاکانی کولتوری و نوسەرانی کورد ناوببرێن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان