کتێبی فێربوونی زمانی کوردی لە خوراسان  دەستی بەسەردا گیراو و قەدەغە کرا

بە گوێرەی  هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان  کتێبێک کە بۆ فێربونی زمانی کوردی لە لایەن چەند نوسەرێکی کوردی خوراسانەوە ئامادە و چاپ کرابوو ، لەلایەن ئیتلاعاتی مەشهەدەوە دەستی بەسەردا گیراوە .

هەواڵنێری nns rojلە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردۆتەوە ، لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەویدا کتێبێکی ۱۰۰ لاپەڕەیی  بە هەوڵ و ماندوبوونی جەواد عەلینیا ، عەباس ئیسماعیلی ، موحەمەد تەقەوی و مێهدی جەعفەرزادە  بە مەبەستی فێربوون و ڕاهێنان بە زمانی کوردی بە شێوە نوسینی لاتینی بڵاو کراوەتەوە ، بەڵام ئیتلاعاتی پارێزگای مەشهەد بە بیانووی ئەوەی کە شێوەی نوسینی کوردی بە پیتی لاتین ، لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە پەرەی پێدەدرێت و هەر بەو بیانوەش سەرەڕای ئەوەی ئەو کتێبە ئیزنی نووسین و چاپ و بڵاو کردنەوەی لە وەزارەتی ئیرشاد وەرگرتبوو، دەستی بەسەردا گیراوە و بڵاوکردنەوە و کڕین و فرۆشتن و خوێندنەوەشی خراوەتە ژێر لێپرسینەوە و قەدەغە کراوە .

ڕێدارانی ئیتلاعات کۆمەڵێک لە نووسەران و بڵاوکەرەوانی ئەوکتێبەی بانگهێشتی ئیتلاعات کردووە و هەڕەشەی لێکردوون کە بۆ نوسینی زمانی کوردی لە پیتی لاتینی کەڵک وەرنەگرن .

هەڵکوتانە سەر کتێبێک  بەو شێوە پڕ لە ڕق و هەڕەشەیە لە لایەن ئیتلاعاتی مەشهەدەوە ، کاردانەوەی لە ناو نووسەران و شاعیرانی کوردانی خوراسانی لە نامەیەکی سەرئاوەڵا دا بەدوای خۆیدا هێناوە و بە کارەساتێکی تراژیدی و تایبەت بە جوغرافیاێیکی تایبەت لە قاو داوە .

ئەم هەڵوێستەی ئیتلاعاتی مەشهەد لە کاتێکدایە کە لە کاتی پڕووپاگەندەی  هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران دا ئیبراهیم ڕەئیسی کە زێوانی بارەگای ئیمام ڕەزای خوراسانە و یەکێک لە بەربژێران بوو، سەبارەت بە زمانی کوردی گوتی :زمانی کوردی خوا پێیانی داوە کەس ناتوانێ لێیان زەوت بکات .

کوردانی خۆراسان بە زاراوەی کرمانجی دەئاخێون و سەر بە عەشیرەی جەلالی و عەشیرەکانی تری پارێزگای ئێستای ورمێن کە لە سەردەمی سەفەوەیەکاندا بۆ ناوچەکانی خوراسان بە زۆر کۆچیان پێکراوە و زۆرتر لە شارەکانی قوچان و سەراوان و چناران و ئەسفەراین دان کە مەزەندە دەکرێت زیاتر لە یەک ملیون حەشیمەت بن و تاوەکو ئێستا کلتور و ڕەسەنایەتی کوردەواییان ون نەکردوە و پەرەی پێدەدن.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورستان