بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛شەوی ڕابردوو ۱۱جۆزەردان ،شارەوانی سنە بە دارابوونی بەڵگەی قەزایی ۱۳دووکانی شارۆمەندانی “نەنەڵەی” لە ڕۆژهەڵاتی کورستان وێران کرد و ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە کەلوپەلێکی زۆری دووکانداران ،لە دووکانەکانیاندا بوو.
یەکێک لە دووکانداران بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند کە ئیدی دەرفەتی ژیان بۆ ئێمە نەماوەتەوە، کۆڵبەری دەکەین بەر گوللە دەدرێین و دەکوژرێین، دووکانداری دەکەین دووکانمان وێران دەکرێت ،داوای کار و ئیش دەکەین وەڵاممان نادرێتەوە ،بە تاوانی کورد بوون هەر ڕۆژەو کێشەگەلێکی جیاوازمان بۆ ساز دەکرێت لە بەر ئەوی لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانداین.
ئەم دووکاندارانە دەڵێن کە هەموو کەلوپەلیان بە قەرز هێناوە و بە وێران کردنی دووکانەکانیان سەرەڕای ئەوەی ناتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە، بژێوی ژیانی ماڵ ومنداڵیان بۆ دابین ناکرێت و ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو بەڵگە یاساییەکان(سند) هەیە کە دووکانیان لە چوارچێوەی یاساکانی ئێراندا کڕیوە .
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە شارەوانی بە بیانویی ئەوەیکە ئەو دووکانانە لە مڵک و زەوی دەوڵەتدا سازکراون، وێرانی کردوون و کارمەندانی شارەوانی بەڵگەی قەزاییان بەدەستەوە بووە بۆ وێرانکردنی ئەو دووکانانە و دەپرسن بۆ چی شارەوانی سنە لە کاتی سازکردن و یان پێشتر بەرگری لە سازکردنیان نەکردووە؟ مەگەر لە کاتی سازکردندا مڵک و زەوی دەوڵەت نەبوون؟
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


