ک.م.م.ک:
لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، دوو هاوڵاتی لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان و نەوسوود، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ڕژێمی ئێران گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی، سیروان (سەڵاح) خۆشنەمەک، گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی گوندی «دووماڵە»ی سەر بە مەریوان، لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی «سوورێن» بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە، کرایە ئامانجی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و گیانی سپارد.
پێش ئەمەش، ڕۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی، وەزیر ڕەحیمی، هاوڵاتییەکی تەمەن ٥٧ ساڵی خەڵکی گوندی «مەنسوور ئاغایی» لە بەشی «شاهۆ»ی سەر بە ڕوانسەر، لە کاتی هاتووچۆدا لە سنووری «شووشمێ»ی نەوسوود، بەهۆی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ڕژێمی ئێرانەوە گیانی لەدەستدابوو.
ق.ش


