پێشێلکاران مافی مرۆڤ لە ڕاپرسی سەر بەخۆی باشووری کوردستان دەستتێوەردان دەکەن

بە پێ هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پێ هەواڵنێری فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیڕنا( ایرانا)، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ، ڕۆژی شەممە ۲۰ ی جۆزەردان ، گوتویەتی کە هەڵوێستی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی کردنە لە یەکگرتوی و یەکپارچە بوونی عێراق .

کۆماری ئیسلامی ئێران کە چەندین جار ڕاگەیاندوە کە پابەندە بە ڕێکەوتنە و کۆنوانسیونگەلی نێونەتەوەی و هاوکات لە پێشێلکارانی سەرەکی مافی مرۆڤە لە ئاستی جیهاندا بە ئەژمار دێت ، دژایەتی ڕاشکاوانە و دژەمرۆیی خۆی لە هەمبەر ڕاپرسی بۆ سەربەخۆی گەلی باشووری کوردستاندا ڕاگەیاند.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە نەتەوەیەکگرتوەکان لە ڕێکەوتنامەی ژمارە ٤۲۱ لە چواری دسامبری ۱۹٥۰ جەختی لە سەر بڕیاری گەلانی بۆ دیاری کردنی چارەنوسی خۆیان وەک مافێکی مرۆڤ و بنە ڕەتی کردوەتەوە و داوای لە شۆرای ئابووری و کۆمەڵایەتی مافی مرۆڤ کردوە کە لەم چوارچێوەیەدا بەدواداچوونی پێویست بە گوێرەی کردار بەجێبێنێت.

بە هەمان شێوە لە ڕێکەوتنامەی تەواوکەر دا بە ناونیشانی ژمارەی ڕێکەوتنامە ٥٤٥ لە ڕێکەوتی پێنجی فێبریەدا لە ساڵی ۱۹٥۲ ، لە مەڕ مژاری مافی دیاریکردنی چارەنوس هەموو گەلان جەخت دەکاتەوە و بە مەبەستی پشتگریکردن و جەختی زۆرتر بنەمای ڕێکەوتن‌نامەی نێونەتەوەی مافی مرۆڤ پەسەند دەکات .

نەتەوەیەکگرتوەکان سەرەڕای پێویستی دۆخێکی ئارام و هێمنانە بۆ مافی ڕاپرسی چارەنوسی گەلان دەڵێت هەموو گەلان مافی تەواویان بۆ بەڕێوەبردن و دەسەڵاتداری لە خاک و وەتەنی خۆیندا هەیە و دەتوانن بۆ سازکردنی وڵاتی سەربەخۆ بۆ خۆیان هەوڵ و تێکۆشان بکەن.

  • بە پێی ئەو ڕێکەوتن‌نامەییە ، نەتەوەیەکگرتوەکان لە ساڵی ۱۹٦٦ دوو ڕێکەوتننامەی لە ساڵ ۱۹۷٦ کە هەموو دەوڵەتان واژۆیان کرد و لە خاڵە سەرەکیەکانی ئەو دوو بڕیارنامانەدا ، مافی دیاری کردنی چارەنوسی گەلان بایەخ و گرنگیەکی جیهانی وەدەستهێنا و نوسرابو کە :
  • مافی چارەنوس ، مافی هەموو گەلانە و گەلان مافیان هەیە سەربەستانە شێوازی بەڕێوەبەری سیاسی خۆیان بە پێی ئەم شیکاریانە بکەن بە بنەمای پەرەپێدانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوری خۆیان .
  • گەلان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجی خۆیان بە بێ هیچ چوارچێوەیەکی دیاری کراو و بە بێ ئەوی سازمانگەلی ئابووری و نێودەوڵەتی هیچ جۆرە بەربەستێکیان بۆ دابنێن و بە بنەماگرتنی ئاشتی و یاسا نێونەتەوییەکان دەتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە لە سەرچاوەگەلی سرووشتی خۆیان کەڵک وەرگرن و لە هیچ دۆخێکدا نەتوەکان نابێت لە یارمەتی و پشتیوانی بێبەش بکرێن .

دەوڵەتانی ئەندام لەم ڕێکەوتنامەیەدا لە هەمبەر وڵاتانی ناسەربەخۆدا بەرپرسن و دەبێت بە پێ گەوهەر و پلانامەی نەتەوەیەکگرتوەکاندا بۆ پراکتیزەکردنی پڕۆژەی بڕیار لە سەر چارەنوسی و ڕێزبە مافی دیاری کردنی چارەنوسی گەلان تێکۆشان بکەن.

سەرەڕای ئەمە ، ڕێکەوتننامەییە ژمارە ۲٦۲٥ یەکەمی ئۆکتۆبری ۱۹۷۰ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بە برایەتی گەلان ئاماژە دەکات و دەڵێت :هەموو گەلان مافی بڕیار لە مەڕ چارەنوسی خۆیان هەیە و هەموو جیهان دەبێت ڕێز لەم مافە بگرن .

لە ساڵی ۱۹۹۰ سازمانی پاراستن و هاوکاری ئۆرووپا لە پاریس ، مافی دیاریکردنی چارەنووسی بە مافێکی سەرەتای بۆ دابین کردنی پارێزگاری لە ئۆرووپا ئەژمار دەکات و لە ساڵی ۱۹۹۳ دا لە کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتوەکاندا لە “ڤیەن”  مافی دیاریکردنی چارەنوس بە وێنەی سەرەکیترین و ناوەندیترین مافی مرۆڤ لە لێدوانەکەی خۆیدا دەنرخێنێت و مافی بڕیاری چارەنوس بە وێنەی خاڵی سەرەکی بۆ گەیشتن بە مافی‌ مرۆڤ و ئازادیگەلی بنەڕەتی مرۆڤگەلی جیهان لە لێدوانەکەیدا ڕادەگەیەنێت.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە بە پێی ڕێکەوتنگەل و کۆنوانسیونگەلی سەرەوە لە ساڵی ۱۹٥۱ تا ئێستا پتر لە ۱۱٤ نەتەوە سەربەخۆی خۆیان ڕاگەیاندوە و وڵاتانی سەربەخۆیان سازکردوە.

دەستتێوەردانی وڵاتانێک وەک تورکیا و ئێران لە ڕاپرسی سەربەخۆی باشووری کوردستاندا کە خۆیان بەشێکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان داگیرکردوە بە هیچ شێوەیەک ، مرۆڤانە و دۆستانە نیە و زێهنیەتێکی داگیرکارانەی ئەو دەوڵەتانە دژ بە جۆغرافیایی کوردستان پیشان دەدات .

بە هەمان شێوە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە دەسەڵاتی باشووری کوردستان داوادەکات کە ڕاپرسی کوردستان وەک مژارێکی گرنگ و پڕ بایەخ بۆ گەلی کورد ئەژمار بکات و پاش ڕاپرسی ، خواستی گەلی کورد لە باشووری کوردستاندا بباتە بواری کردارەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای پشتیوانی لە بڕیاری هەموو گەلانی جیهان بۆ دیاری کردنی چارەنوسیان ، لە هەنگاوگەلی دەسەڵاتی باشووری کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی ڕاپرسی پشتیوانی دەکات و داخوازی پشتیوانی بێ مەرجی هەموو سازمانگەلی مافی مرۆڤی ، وڵاتانی دێمۆکراتیک و هەر وەها نەتەوەیکگرتوەکانە لە ڕاپرسی شارۆمەندانی هەرێمی باشووری کوردستان،  بە مەبەستی سەربەخۆی گەلی باشووری کوردستان.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان