بە پێی دواین هەواڵەکن، دوكاندار و كاسبكارانی شاری بانە درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن و تا دووی ڕۆژی دیکە بەردەوامبن لە ناڕەزایی و مانگرتنەکانیان و چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەدواداچوونی ناڕەزایەتییەكانیان دەکەن لەلایەن فەرمانداریی بانە و پارێزگاریی سنە.
وەک ناڕەزایەتیەک دژ بە داخستنی سنورەکان و بەرگرتن بە کۆڵبەری، زۆربوونی کرێی دوکان و گرفتە ئیداریەکان، دوكاندارانی بانە بەمڕۆوە ماوەی سێ ڕۆژە دووكان و بازاڕیان داخستوە لە بەردەم فەرمانداریی شارەکە لە كۆبوونەوەی مانگرتندان.
دوای کۆبونەوەی دوکاندار و کاسباران لەگەڵ قایمقامیەتی بانە، بڕیاریانداوە جارێ دوکانەکانیان نەکەنەوە گروپێک وەک نوێنەری هەموویان تا دوو ڕۆژی دیکە بەردەوامبن لە سەردانی قایمقامیەت بەشێوەیەک کەلە هەر قەیسەری (پاساژ) دوو کەس نوێنەربێت لە گروپەکەدا.
پێرێ شاری سهردهشت و مەریوانیش بەداخستنی دووکانەکانیان پشتیوانی خۆیان بۆ داوای کاسبکارانی بانه و کێشه هاوبهشهکانیان نیشاندا.
بەبەهانەی تیشک خستنە سەر کاڵا ناوخۆییەکانی ئێران زیاتر لە شەش مانگە کۆماری ئیسلامی ئێران ئێران جموجۆڵی بازرگاکانی لە خاڵە سنوریەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێگاکانی سنە، ورمێ و كرماشان بڕیوە و زۆر کەمی کردوە، بۆئەو مەبەستە کۆماری ئسلامی ئێران دەست لە کۆڵبەران ناپارێزێت و لەم دواییانەدا چەندین کۆڵبەر لەسەر سنورەکان بوونەتە قوربانی دەستڕێژی گولەی هێزەکانی ئێران.
گەرچی شاری سنە یەک لەو شارانەیە کە زۆرترین ڕێژەی بێکاری لە ئاستی ئێراندا تیدایە، بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 200 هەزار کەس لە پارێزگای سنە لەبازرگانی و کۆڵبەری سنورەکان بژێووی ژیانیان پەیدا دەکەن، بەڵام بەهۆی ڕێگریەکانی ڕژێمی ئێران ئێستا زۆربەیان بێکار بوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان