دەسبەسەری ۶کەسی دیکە لەپارێزگای سنە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وبەگوێرەی سەرۆکی دادگوستەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پارێزگای سنە ۶کەسی دیکە لەهاوڵاتیانی پارێزگای سنە لەپێوەندی لەگەڵ ڕووداوی تیرۆریستی ڕۆژی چوارشەممەی تاران دەسبەسەرکران.

جێگەی باسە کەبەپێی ڕاپۆرتە پێشووەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان،بەرپرسانی ئێران ڕایان گەیاندبوو کە۵۶ کەسیان تا بەرلە ڕۆژی دووشەممە ۲۰ی جۆزەردان دەسبەسەر کردووە .

جێگەی بیرهێنانەوەیە  کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤ ؛ پترلە ۳۰٤ هاوڵاتی کوردی لەساڵی ۱۳۹٤ ئێعدام کردووە.هەروەها دەسبەسەری وئەشکەنجە، تەقەی ڕاستەوخۆ لەکۆڵبەران لەسنوورەکانی ڕۆژهەڵات وباشووری کوردستان، لەناوبردنی ژینگەی کوردستان،تاڵان کردنی سەرچاوە سرووشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەقینەوەی بەردەوامی مین وقوربانی بوونی هاوڵاتیان لەبابەتەکانی دیکەی پێشێلکاری مافی مرۆڤن لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئاشکرایە کەهەڵاواردنی حکوومی بەرانبەر بە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن سیستەمی سیاس کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و هەڵکشانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ بەهۆی جیاوازی نەتەوەیی وهەروەها ئایینی بەشێک لە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە  کەئەمجاریش بە سەرهەڵدانی ڕووداوی تیرۆر، بیانویەکی دیکەی داوە بەدەستی هێزە ئینتزامی وئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کە پەرە بدەن بە ئازار وسەرکوت ودەسبەسەری هاوڵاتیانی کورد.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان