دەسبەسەری یەکی دیکە لەئەندامانی پارتی دیمۆکڕاتیکی گەلان لە باکووری کوردستان

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە درێژەی دەسبەسەرکرانی چالاکانی سیاسی کورد ونوێنەرانی باکووری کوردستان، دوێنێ شەو هێزە ئەمنییەکان وپولیسی تورکیا هەڵیان کوتایە سەرباڵی لۆکاڵی پارتی دیمۆکڕاتیکی گەلان (HDP) لەشاری یەنی سەربە دێرسیم ولەم پەلامارەدا سەلاحەدین کارانچلی (Selahettin Karakeçili) هاوسەرۆکی لقی شارۆچکەی یەنی شار دەسبەسەرکرا.

بەگوێرەی هەواڵەکە هێزە ئەمنییەکان وپۆلیسی تورکیا، لەم پەلامارەدا پاش تێکشکانی بەشێک لە کەرەستەکانی نێو نووسینگەی HDP دەستیان دایە پشکنینی بیناکە ووێنە وپووتسەری سەلاحەدین دەمیرتاش وفیگەن یۆکسەکداغ هاوسەرۆکانی ئەو پارتەیان کە ڕۆژی هەینی دەسبەسەرکرابوون کۆکردەوە.

کاراکچلی کەبەرانبەر ئەم دەسپێشخەرییەی پۆلیس دژ کردەوەی نواندبوو کەوتە بەر توندوتیژی وبێ ڕێزی گرانی هێزە ئەمنییەکان ودەسبەسەرکرا.

جێگەی باسە کەدەوڵەتی تورکیا بەمەبەستی سەرکوت وپێش گرتن بە داخوازییە یاسایی، دیمۆکڕاتیک ومافخوازانەکانی کوردەکان لەباکووری کوردستان، شەڕێکی دیکە بەسەر کورداندا سەپاندووە وتێدەکۆشێ بەم تەرزە دەسەڵاتی نایاسایی وسەرکوتکارانەی خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێ.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان