بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: زیندانیانی سیاسی «محەممەد نەزەری» و «سەعید شرزاد» بەردەوامن لەمانگرتن لەخواردنی دەمدرێژی خۆیان و دۆخی جەستەیشیان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ناجێگیرتر دەبێت.
«محەممەد نەزەری» کەبە تۆمەتی ئەندامەتی لەحیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لەڕێکەوتی ۹ی جۆزەردانی ۱۳۷۳ وە دەسبەسەر کراوە، کەلە ۵۳ هەمین ڕۆژی مانگرتنیدایە جگە لەداواکاری پێداچوونەوەی سەرلەنوێ لەسەر دۆسیەکەی، لەهەمبەر دۆخی نەگونجاوی زیندانیش ناڕەزایەتی دەربڕیووە.
هەرلەم چوارچێوەیەدا «سەعید شیرزاد» زیندانییەکی سیاسی کوردە کەئەویش ٤۲ ڕۆژە لەمانگرتندایە و بەپێی ڕاپۆڕتە گەیشتووەکان ناوبراو لەدۆخی جەستەیی ناجێگیردایە وەکوو دابەزینی پەستانی خوێن و دابەزینی کێش.
ناوبراو چالاکی مەدەنی پێوەندیدار لەگەڵ منداڵانی کار ویەکێک لەزیندانیانی سیاسییە کەلە ۱۲ی جۆزەردانی ۱۳۹۳ی هەتاوی لەشوێنی کارەکەی لە پاڵاوگەی تەورێز دەسبەسەر وسەرەتا گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین وپاش ماوەیەک بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.
جێگەی باسە کەبەپێچەوانەی کۆتایی هێنانی مانگرتن لەخواردنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی وبیروباوەڕی وگۆڕینی بۆ مانگرتن بەڕۆژووی سیاسی، مانگرتن لەخواردنی سەزبەخۆی محەممەد نەزەری وسەعید شیرزاد وڕەزا شەهابی وەکوو خۆی بەردەوامە وئەمە لەکاتێکدایە کە ئەم زیندانیانە جگە لەناڕەزایی دەربڕین بەدۆخی خراپی زیندان (لێدان وتوندوتیژی لەکاتی گواستنەوە، پێنەدانی کەلووپەلی تاکەکەسی زیندانیان، نەبوونی پێداویستی لەبەندی نوێ وزۆربوونی کامێرای چاودێری تەنانەت لە ئاوەدەست وگەرماوەکاندا)، بەرانبەر بە حوکمی نادادوەرانە وپێڕانەگەیشتنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕەوشتی دۆسیەکانیان، دەستیان داوەتە ئەم کارە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کۆردستــــــــــان


