بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەوڕۆ ۲۳ۍ خەرمانانی ۱۳۹٦ی هەتاوی لە نیزیک کاتژمێر ۳ی بەرەبەیان، کۆڵبەرانی کورد بەهۆی ڕاوەدوونان و تەقەی هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە ناچاری خۆیان بە گووندی “ئەلیاسی” سەر بەشاری “سەرپێڵ زەهاو” لە پارێزگای کرماشان داکرد.
بەپێی هەواڵەکە لەکاتێکدا کە بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەو کۆڵبەرانەی کە خەکی سەلاسی باوەجانی بوون و زەرەر و زیان وەبەر شتوومەکەکانیان کەوتبوو، هێزە چەکدارەکان دەیانهەویست دەست بەسەر کاڵا و شتوومەکەکانیان دابگرن. بەڵام ڕووبەڕووی خۆڕاگری و پاڵپشتی خەڵکی ئاوایی ئەلیاسی لەو کۆڵبەرانە بوونەوە و نەیانهێشت کاڵاکانیان دەستیان بەسەر دابگیرێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمبەر کۆڵبەران، کاسپکاران، دەستفرۆشان و … لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و سەرکووت، هەڕەشە و کوشتووبڕی ئەو هاووڵاتیانە، ڕۆژانە و بە شێوازێکی پیلان بۆ داڕێژراو بەڕێوە دەچێت.
دەوڵەتی ئێران نەتەنیا گوێ ناداتە ناڕەزایەتییەکانی ئەو دواییانەی شارە کانی کوردستان و هەروەڵا داواکاری هاووڵاتیانی سڤیل، پارێزەران و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، بەڵکوو بە پێچەوانەوە درێژە بە کردەوەکانی خۆی لە کووشتنی کۆڵبەران و بە تاڵانبردنی کاڵا و شتوومەکەکانیان دەدات.
بەپێی داتا و ئامارە بەردەستەکان، لە خاکەلێوەی ساڵی ۹٦ هەتا ئێستا ۵۷ کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار کراون و ٤ کۆڵبەری دیکەش وەژێر هەرەسی بەفر کەوتوون و گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە ساڵی ۹۵یش ۱۰۷ کۆڵبەری دیکە بەدەستی چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراو و بریندار کراون و زیاتر لە ۱۰ کۆڵبەری دیکەش بە ڕووداوە سرووشتییەکانی وەک لافاو و هەرەسی بەفر و … گیانیان لەدەستداوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستــــان