بەپێی هەوالی گەشتوو بە کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان ، ڕێکخراوی ئامنستی ئینتەرناشناڵ، لە ڕاگەیەندراوێک داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە پێویستە هەرچی خێراتر شوێنی دەستگیربوونی پێنج زیندانی خانەوادەی حسێن پەناهی کە لەم دوواییانەدا دەستگیرکراون بە ڕایگشتی ڕابگەیەنرێت.
ئامنستی ئینتەرناشناڵ لە ڕاگەیەندراوەکەیدا داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، کە ئەفشین حسێن پەناهی، ئەنوەر حسێن پەناهی، ئەحمەد حسێن پەناهی، زوبێر حسێن پەناهی کە تەنیا بەهۆی هەبوونی پەیوەندی خێزانی لەگەڵ ڕامین حسێن پەناهییەوە دەستگیرکراون، ئازادبکرێن.هەروەها داواشی کردووە، کە پێویستە سەبارەت بە دۆخی ڕامین حسێن پەناهی زانیاری بە ڕایگشتی ڕابگەیەندرێت.هەروەها ناوبراو بخرێتە ژێر چاودێری پزشکییەوە و ئامادەکاری بۆ بکرێت کە لە دادگایەکی دادوەرانەدا دادگایی بکرێت.
نابراو لە کاتی هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر چەند پێشمەرگەی کۆمەڵە بە برینداری دەستگیرکراوە.
ڕامین حسێن پەناهی ڕۆژی ٢٣ی مانگی حوزەیران لەگەڵ سێ پێشمەرگەی دیکەی کۆمەڵە کەوتنە بۆسەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگەی کۆمەڵە گیانیان بەختکرد و ڕامین حسێن پەناهی بە سێ گولـلە برینداربوو، پاشان دەستگیرکرا، ئێستاش بێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لە بارەی چارەنووسییەوە لەبەردەستدابێت دەستگیرکراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان