بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و پشت بە ڕاپۆرتی ڕووناهی تیڤی لە بەرواری ۲۰۱۷/۰٦/۳۰ی زایینی، حکومەتی تورکیا ئاوی ڕووباری فوڕات گرتۆتەوە .
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە ئاوی ڕووباری فوڕات کە لە باکووری کوردستان سەرچاوە دەگرێت و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا بە مەبەستی گوشار خستنە سەر وڵاتانی سوریە و عێراق کەڵکی لێوەردەگرێت و هاوکات ئەو وڵاتانەش بۆ گلدانەوەی ئاوی زیاتر بۆ کشت وکاڵ و پیشەسازی کارەبا لەسەر ئەو ڕووبارە بەنداویان ساز کردووە و لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی تورکیا بە مەبەستی کۆچبەر کردنی کوردانی باکووری کوردستان و ناردنیان بو شارە تورک نشینەکان، بەردەوام لە هەوڵی گوڕینی دیموگرافیای ناوچەکە و شێواندنی سروشت و شوێنەوارە کۆنەکانی کوردەوارییە .
بە تایبەتی لەو دواییانەدا بە نیسبەت باکووری سوریاوە کە قەوارەێیکی کوردی شکڵی گرتوە بە گرتنەوەی ئاوی فوڕات زەوییە کشت و کاڵییەکانی دەشتەکانی کوبانی و منبەج بە تەواوی زەرەمەند بوون و لە بواری بەرهەمهێنانی کارەباوە ڕۆژاوای کوردستان کەوتۆتە بوارێکی دژوارەوە .
شایانی باسە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان بە گشتی سەرچاوە ئاوە شیرینەکانی وڵاتانی ئێران و تورکیا وسوریە و عێراق پێکدەهێنن.
هەر لەو پەیوەندییەدا ئێرانیش بە گرتنەوەی ئاوەکانی ئەڵوەند و سیروان و زێی بچوک ، باشووری کوردستانی خستۆتە مەترسیی قڕکردنی سروشت و ئاو خواردنەوەی هاووڵاتییان .
ئەوەی جێگای سەرنجە شەقامی کوردی و ناوەندی نێودەوڵەتییش بە بابەت هەردوو لای باشوور و ڕۆژاوای کوردستان،تا ئێستا بێدەنگییان هەڵبژاردوە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان