کاربەدەستان و بەشێک لە زیندانیانی بیرجەند ، “حەمەدەمین عەبدوڵاهی” ئازار و ئەشکنجە دەکەن

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ؛ حەمەدەمین عەبدوڵاهی ،بەندکراوی سیاسی کورد ڕۆژی ۲۱جۆزەردان لە لایەن بەشێک لە زیندانیان و کاربەدەستانی زیندانەوە بە هۆی کورد بوون و هەروها سوننە بوون ئازار دەدرێت .

لە ڕاپورتەکەدا هاتوە کە بەشێک لە بەندکراوان و کاربەدەستان حەمەدەمین عەبدوڵاهی بە “داعش” ناودەبەن، کە ناوبراو لە دژیان دەوەستێتەوە و داوا دەکات کە بەو جۆرە پێناسەی بۆ نەکەن ، بەڵام بەشێک لە زیندانیان هێرش دەکەن و ناوبراو دەدەنە بەر ئازار و لێدان و شەڕ و تێهەڵچوون لە نێوان ئەو گیراوە سیاسییە کوردە و زیندانیان، لە بیرجەند کە زۆربەیان باوەڕداری شێعەن درێژە دەبێت کە پاشان کاربەدەستان و هێزەکانی بەندیخانە هێرش دەکەنە ناو بەندەکانەوە و  گیراوان وەبەر لێدان دەوەن کە لە ئەنجامدا سەروچاوو و سینەی حەمەدەمین عەبدوڵاهی بریندار دەبێت بەڵام کاربەدەستان ئیزنی ناوبراو نادەن بۆ دەرمان سەردانی بەشی تەندرووستی بەندیخانە بکات.

محەممەد ئەمین عبدوڵاهی هاووژین و منداڵێکی هەیە و بنەماڵەی ناوبراو لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێن، کە بەهۆی دووری و کێشەی ئابوورییەوە نەیان توانیوە چاووپێکەوتنیان لە ساڵانی ڕابردوودا گەڵ بەندکراوەکەیان هەبێت.

ناوبراو لە ساڵی ۸٤ی هەتاوی دەستبەسەر و پاش ۱٥ مانگ لە دادگای شۆڕشی مهاباد بە تۆمەتی مۆحاربە(شەڕ لە دژی خودا) لە ڕێگای هاوکاری کاریگەر و چەکداری کردن بۆ یەکێک لە پارتە کوردیەکان و پەڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بە گشتی بە ۱۸ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ “تەبەس” سزا درا ، کە ناوبراو پاش تێپەڕاندنی ماوەیەک لە بەندیخانەکانی ورمێ و مهاباد بۆ بەندیخانەی “تەبەس” و پاشان بۆ بەندیخانەی بیرجەند دوور خرایەوە و لە ئێستادا ۱۱هەمین ساڵی سزاکەی تێپەڕ دەکات .

ئەگەر چی بە پێی یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران ناوبراو پاش تێپەڕکردنی نیوەی سزاکەی دەبوو بە کەڵک وەرگرتن لە ئازادی مەرجدار(ازادی مشروط) ئازاد بکرایەت بەڵام تا ئێستا بە هۆکاری نادیار لە زیندان ڕاگیراوە.

جێگای سەرنجە، کە پاش هێرشی چەند کەسێکی داعشی بۆ بینایی مەجلس و گۆڕی خۆمەینی لە تاران ، پەڕوپاگەندەی بەرفراوان لە لایەن میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دژی کورد دەستیپێکردووە و ئەم پەڕوپاگەندە نگاتیڤانە دژی کوردان لە ئاستێکی بەرزدایە و لە کۆمەڵگای ئێراندا تا ڕادەیەک کاریگەر بووە .

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: