بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان نادر محەممەدی شارۆمەندی خەڵکی سەقز کە بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک بە ئێعدام سزا دراوە ، لە بەندی دوو(دارالقران) بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە . بەرپرسانی بەندیخانە ئەم بەندکراوە ناڕازییەیان بە مەبەستی بێڕێزی و سووکایەتی لە پێش چاوو زیندانیانی دیکەدا ڕووت کردوەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە نادر محەممەدی بە هۆی ناڕەزایی دەربڕین دژی دەسترێژی جنسی نێوان بەندکراوەکاندا کە بە شێوەیەکی فەرمی پەرەی سەندوە و بەرپرسانی بەندیخانە هیچ هەڵوێستێکیان دژ بەم کێشەیە نەبوە ، لە خواردن مانیگرتوە کە بە لێدان و زەخت و گوشار ، بێ ڕێزی و سووکایەتی بەرپرسانی زیندان وڵامی مانگرتنەکەی دەدەنەوە .
هەروەها ئەم بەندکراوە گوتویەتی ؛کە بە فەرمانی مێهدیفەر بەرپرسی گشتی بەندیخانە ، ئەویان بردوەتە ساڵۆنی قاتی خوارینی بەندیخانە و سەرەڕای سووکایەتی لێیانداوە و پاشان بردویانەتە بەندی ۱۰ ئەو بەندیخانە و لە لایەن بەرپرسی بەندیخانەوە بە لێدان و سووکایەتی و ئازاری جنسی بە مەبەستی بێ ئابڕوو کردن جلەکانیان بە زۆر لە بەری دەرهێناوە .
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە بە پێی یاساکانی مافی مرۆیی ، سەپاندنی سزا و زەوتکردنی ئازادی مرۆڤ وەک تاک لە مافە ڕەواکانی کە مافی مرۆیی هەر تاکێکە بێبەری ناکات و ئەم مافانە هەموو تاکێکی بەندکراوان دەگرێتەبەر .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان